بڕیارە سبەینێ گوژمەى تەواوکاریی مووچە بگات و دەست بە ‏دابەشکردنى بکرێت

11-05-2026 05:34

پەرەگراف - وەزارەتى دارایى حکوومەتى هەرێمى کوردستان گەیشتنى گوژمەى یەکەمى تەمویلى ‏مووچەى مانگى چوارى ڕاگەیاند. بڕیارە سبەینێ گوژمەى تەواوکاری بگات و دەست ‏بە دابەشکردنى مووچە بکرێت. ‏

وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئەمڕۆ دووشەممە ١١-٠٥-‏‏٢٠٢٦، بڕی ٦٦٣ ملیار و ٨٠٥ ملیۆن دینار وەکوو گوژمەى یەکەمى مووچەى ‏مانگى نیسانى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان، خراوەتە سەر ‏هەژمارى بانکیى وەزارەت لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندیى عێراق". ‏

بەپێى ڕاگەیەندراوى وەزارەتەکە، چاوەڕێ دەکرێت سبەی گوژمەی تەواوکاریی ‏مووچە بگات و دەشڵێت "لەگەڵ گەیشتنی تەواوی تەمویلى مووچە، ڕاستەوخۆ ‏خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی دەکرێت". ‏

ناردنى مووچەى مانگى چوارى هەرێمى کوردستان پاش ئەوە هات کە دوێنىَ ‏وەزارەتى دارایى هەرێم بڕى ٥٠ ملیار و ٢٩٢ ملیۆن دینار داهاتى نانەوتیى ‏ڕادەستى بەغداد کرد. ‏

ماوەى دوو مانگە حکوومەتى هەرێم کەمتر لە نیوەى ١٢٠ ملیار دینارەکەى ڕادەستى ‏بەغدادا کردووە، ئەوەش بەهۆى کەمبوونەوەى داهاتە نانەوتییەکان لە ئەنجامى ‏دۆخى ئاڵۆزى ناوچەکە و پەککەوتنى جووڵەى بازرگانى. حکوومەتى عێراق بە ‏لەبەرچاوگرتنى هۆکارەکان، چاوپۆشیى لە کەمیى داهاتى نانەوتیى هەرێم کردووە و ‏مووچە خەرج کردووە. ‏