پەرەگراف- پەرلەمانی عێراق سبەینێ 14ی ئایاری دیاری کرد بۆ کۆبوونەوەی دەنگدان بە کابینەکەی نوێی حکومەتی عێراق کە سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو عەلی زەیدی پێکیدەهێنێت.
ڕۆژی 7ی ئایار عەلی زەیدی کارنامەی کابینەکەی پێشکەشی سەرۆکی پەرلەمان کارد، ئەو بەرنامە وەزارییەی کە لەلایەن کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشکەش کراوە، هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی تێدا نییە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ماددەی ١٤٠ یاخود ناوچە جێناکۆکەکان.
کارنامەی حکومەتی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٢٩ بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر سەروەری دەوڵەت، ئاسایش، چاکسازی ئابووری، وزە، حوکمڕانی و سیاسەتی دەرەوە دەکاتەوە، بەڵام خۆی لە ئاماژەپێدانی ئاشکرا بۆ کێشە سەرەکییە لەمێژینەکانی نێوان بەغداد و هەرێمی کوردستان بەدوور گرتووە.
تەنها ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ یاسای نەوت و گازە کە تاکە خاڵە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت لە کارنامەکەداو لە بەشی وزەدا هاتووە کە حکومەت "کاردەکات بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز."
یاسای فیدراڵی نەوت و گاز بۆ چەندین ساڵە وەک یەکێک لە کێشە ئاڵۆزە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر ماوەتەوە، بەتایبەت لەبارەی هەناردەکردنی نەوت، دابەشکردنی داهات و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان.
هەروەها کارنامەی کابینەکەی زەیدی ئاماژەی بە ماددەی ١٤٠ی دەستوور نەکردووە کە تایبەتە بە یەکلایکردنەوەی چارەنووسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووردا بە چەنج قۆناغێک باسکراوەو تا ئێستا جێبەجێ نەکراون.
بەگشتی کارنامەی کابینەکەی هیچ ئاماژەیەکی بەمانەی خوارەوە نەکردووە:
- حکومەتی هەرێمی کوردستان
- ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق
- ناوچە جێناکۆکەکان
- کێشەی بودجە و مووچە لە نێوان هەولێر و بەغداد
نەبوونی ئەم پرسانە جێی سەرنجە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە گفتوگۆکانی نێوان لایەنە کوردییەکان و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییە فیدراڵییەکان بەردەوامن.