پەرەگراف- نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک پێویست بەڕێوە ناچێت و ئەو پێشکەوتنەی کە پێویست بوو، تا ئێستا نەهاتووهته دی، ئەمەش زیانێکی مەزنی بە ناوی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
سەرۆکی هەرێم ئەمڕۆ لە ئاهەنگی خولی پێگەیاندن لە کۆلێژی سەربازیی زاخۆ وتی، گەلی کوردستان ساڵانێکە لە چاوەڕوانیی یەکگرتنهوهی پێشمەرگەدایە. دۆستانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پشتیوانی و پلان و هاوکاری پێشکەش دەکەن، چاوەڕێن ئێمە ئیرادەیەکی سیاسیی دروست و بەهێز نیشان بدەین، "بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نەکراوە، ئەمەش زیانێکی مەزنی بە ناوی هەرێمی کوردستان گەیاندووە".
نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان پێشکەشی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمهریکا کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگەو پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
"لە هەمووی گرنگتر، ئەم دەرچووە گەنج و دڵسۆزانەی ئەمڕۆ دەیانبینین، شایەنی ئەوەن بچنە ناو هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتووەوە. ئەم بارودۆخە بە هیچ شێوەیەک باش نییە و ئێمە هەرگیز لێی ڕازی نین. لەگەڵ ئەوەشدا، دیسان دەڵێم: یەکگرتنهوهی پێشمەرگە پێویستییەکی چارەنووسسازە بۆ هەرێمی کوردستان و دەبێت سەرکەوێت. ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبین، ئەرکی خۆمان دەبینین بۆ ئەوەی ئەم کارە ئەنجام بدرێت و ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ دۆستانمان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبین" نێچیرڤان بارزانی وای وت.