دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگى و هاوڕێکانى دواخرا؛ دەستگیرکراوێک: لەژێر ئەشکەنجەدا وتەم لىَ وەرگیراوە
پەرەگراف - ڕۆژی چوارشەممە ١٤-٠٥-٢٠٢٦، لە دانیشتنێکی دادگای سلێمانیدا، دەستگیرکراو و شایەتحاڵێک لە کەیسی لاهوور شێخ جەنگی لە وتەکانی پێشووی پەشیمان بووەوە و ڕایگەیاند شاهێدیدانەکەى "لەژێر ئەشکەنجەدا" لێ وەرگیراوە.
دانیشتنەکە لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی بەڕێوەچوو، بۆ لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و ١٠ تۆمەتباری دیکەى ڕووداوەکەی "لالەزار" لە مانگی ئابی ٢٠٢٥.
سەرچاوەیەک کە ئامادەی دانیشتنەکە بووە، بە پەرەگرافـی ڕاگەیاند، دوای وردبینی لە دۆسیەکان، تۆمەتباران و پارێزەرەکانیان وتەکانی خۆیان لەبەردەم دادگا پێشکەش کرد.
بەپێی سەرچاوەکە، شایەتحاڵێک کە خۆیشى یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان و پێشتر لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا لە دژی لاهوور شێخ جەنگی شاهێدیى دابوو، لەبەردەم دادوەردا وتەکانی کشاندەوە.
ئەو شایەتحاڵە کە دەوترێت پاسەوانی تۆمەتباری دەستگیرکراو "ڕێبوار حامید حاجی غالی" یە، ئاماژەی پێ کردووە کە وتەکانی "لەژێر ئەشکەنجەدا" لێ وەرگیراوە و لە کاتی دەستگیرکردنیدا "بە توندی لێی دراوە و مامەڵەی خراپی لەگەڵ کراوە". دادگا دوای بیستنی وتەکان، دانیشتنەکەی دواخست، بەبێ ئەوەی کاتێکی نوێ بۆ دانیشتنی داهاتوو دیاری بکات.
تۆمەتەکانی سەر لاهوور شێخ جەنگی
تۆمەتباران لەم دۆسیەیەدا ڕووبەڕووی دوو کەیسی یاسایی جیاواز دەبنەوە کە پەیوەستن بە پێکدادانەکانی مانگی ئابی ٢٠٢٥ لە سلێمانی: کەیسی یەکەم: بەپێی ماددەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقییە و لەسەر بنەمای سکاڵای بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان. تۆمەتەکان بریتین لە "هەوڵی کوشتن" و "پیلانگێڕان بۆ کودەتاکردن بەسەر سەرکردایەتیی حزب" دا.
کەیسی دووەم: بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقییە کە تایبەتە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، ئەم تۆمەتە پەیوەندیی بە کوژراوانی ڕووبەڕووبوونەوەکەی لالەزارەوە هەیە.
پاشخانی ڕووداوەکەی لالەزار
ئەم کەیسە بۆ ڕووداوەکانی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان هەوڵیان دا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهوور شێخ جەنگی — سەرۆکی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی — لە هۆتێل لالەزار لە سلێمانی جێبەجێ بکەن، کە شوێنی نیشتەجێبوون و بارەگای سیاسیی ئەو بوو.
یەکەکانی ئاسایش، دژەتیرۆر (CTG) و هێزی کۆماندۆ ناوچەکەیان گەمارۆ دا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزى و پێکدادانی چەکداری لەگەڵ چەکدارانی لایەنگرى لاهوور شێخ جەنگی کە بە "هێزی دوپشک" دەناسران. پێکدادانەکان زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند و تەقەیەکی زۆر و دەنگی تەقینەوە بیسترا. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەو کاتە، لانی کەم چوار کەس کوژران، دەیان کەس بریندار بوون و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش دەستگیر کران.
لاهوور شێخ جەنگی پێشتر هاوشانی ئامۆزاکەی، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی بوو، پێش ئەوەی لە تەمووزی ٢٠٢١دا لە سەرکردایەتیی حزبەکە دوور بخرێتەوە. ناوبراو دواتر لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا حیزبى "بەرەی گەل" ـی دامەزراند. ئەم کەیسە لە ئێستادا یەکێکە لە هەستیارترین ململانێ سیاسی و یاساییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.