نێچیرڤان بارزانی سڵاوی لە سەرۆککۆمار نەکرد؛ ناتوانێت لەو قاڵبە دەربچێت کە حیزب بۆی داناوە
پەرەگراف- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دووەمجار لەماوەی ١٠ ڕۆژدا چووە بەغدادو ئەمجارەیان لە هۆڵی پەرلەمان و لەکاتی متمانەدان بە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە نزیک نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عێراق دانیشت، بەڵام سڵاوی لە سەرۆککۆمار نەکرد، ئەوەش وەک پابەندبوون بە هەڵوێستی پارتی دیموکرات کە ڕەتی دەکاتەوە مامەڵە لەگەڵ نزار ئامێدی بکات.
بە پێچەوانەی ئەوەی ماکینەیەکی زەبەلاحی میدیایی فووی تێ دەکەن و بە "باڵیۆزی ئاشتی و دیبلۆماسییەتێکی بەهێز" وەسفی دەکەن، نێچیرڤان بارزانی کە وەک سەرۆکی هەرێم پێویستە نوێنەرایەتی تەواوی خەڵکی کوردستان بکات نەک تەنها حیزبەکەی، بەڵام لە پرسی سەرۆککۆماردا ناتوانێت لەو قاڵبە دەربچێت کە حیزبەکەی بۆی داناوە.
34 ڕۆژە نزار ئامێدی لە پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردراوەو هێشتا پارتی ڕەتیدەکاتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات و پیرۆزبایی لێ نەکردووە، نێچیرڤان بارزانی ڕۆژانی 4 و 5ی ئەم مانگەی لە بەغداد بەسەربردو لەگەڵ هێزو لایەنە شیعەو سوننەکان کۆبووەوە بە یارو نەیارەوە، بەڵام نەچووەلای سەرۆککۆمارو ئەمڕۆیش لە پەرلەمان لەکاتی متمانەدان بە حکومەتی نوێی عێراق لە نزیک یەکەوە دانیشتبوون و تەنها فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە نێوانیان بوو، بەڵام نێچیرڤان بارزانی سڵاوی لە سەرۆککۆمار نەکرد.
ئەوە لەکاتێکدایە بافڵ تاڵەبانی کە سەرۆکی حیزبەکەی سەرۆککۆمارە، نێچیرڤان بارزانی لەسەر کورسییەکەی هەڵساندو بە چپە گفتوگۆیەکیان کرد.
ڕۆژی ١١-٤-٢٠٢٦، نزار ئامێدی کاندیدی یەکێتی دوای ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆککۆمار توانی بە هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق پۆستەکە بباتەوە، پارتی بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانی کردو دەنگی پێ نەدا.
دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی بڵاو کردەوەو وتی، "بە نوێنەرى زۆرینەى کوردستانى نازانین و هەڵسوکەوتى لەگەڵ ناکەین."
مەکتەبی سیاسی پارتی ڕەخنەی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار گرت و وتی، پڕۆسەکە بەشێوەیەک بەڕێوەچوو کە "لە دەرەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەسەنکراوى ئەنجوومەنەکە بوو، سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەران بێ گوێدانە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەن بەرنامەى کۆبوونەوەى دیاریکردبوو کە ئەمەش پێشێلکردنى یاسایە".
"هەروەها ئەو کاندیدەى کە دیاریکرابوو بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار لە دەرەوەى ئالیەتى کوردستانى بوو، لە کاتێکدا کە ئەو پۆستە ئیستحقاقى گەلى کوردستانە نەک حزبێک بەڵام ئەم کاندیدە بۆ ئەو پۆستە لەلایەن حزبێک دیاریکرابوو و چەند لایەنێکى پێکهاتەکانى دیکەى عێراق پەسەندیان کردووە!" مەکتەبی سیاسی پارتی وای وت.
هاوکات پارتی بۆ هەڵسەنگاندنى بارودۆخەکە و ڕاوێژکردن، هەردوو فڕاکسۆنەکەی لە ئەنجوومەنى نوێنەران و حکومەتى فیدراڵى عێراق گەڕاندەوە بۆ هەرێمى کوردستان.