ئەمەریکا فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کرد

16-05-2026 10:34

پەرەگراف- نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمەریکا (ئێف بی ئای) دەستگیرکردنی محەمەد باقر سەعدی، فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵای عێراقی ڕاگەیاند کە تۆمەتبارکراوە بە دەست هەبوون لە لانیکەم ١٨ هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپاو پلانی هێرش لە ئەمەریکاو کەنەدا، ئەمەش بەگوێرەی سکاڵایەکی تاوانکاریی فیدراڵی کە لە ئەمەریکا لەسەری تۆمار کراوە.

سەعدی لە تورکیا دەستگیر کراوەو گەیەندراوەتە ئەمەریکا بۆ دادگایی کردن.

داواکاری گشتی ئەمەریکا دەڵێت سەعدی "فەرمانی بە کەسانی دیکە کردووە و هانیداون هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل" وەک تۆڵەسەندنەوەو بۆ "بەدیهێنانی ئامانجە تیرۆریستییەکانی کەتائیبی حیزبوڵا و سوپای پاسدارانی ئێران".

تۆمەتبارەکە پەیوەندی بە لانیکەم ١٨ هێرشەوە هەیە
کاش پاتێل بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمەریکا (ئێف بی ئای) دەڵێت، کارمەندانی ئێف بی ئای محەمەد سەعدییان دەستگیر کردووە و گەڕاندوویانەتەوە بۆ ئەمەریکا، "ئامانجێکی بە بەهایەو بەرپرسە لە تیرۆری جیهانی."

پاتێل لە تۆڕی ئێکس دەشڵێت، سەعدی و هاوکارەکانی "پلانیان داناوە و هەماهەنگییان کردووە و بەرپرسیارێتی لانیکەم ١٨ هێرشی تیرۆریستییان لە سەرانسەری ئەوروپا و کەنەدا لە ئەستۆیە"و پێدەچێت پلانیان هەبووبێت بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی ئەمەریکا کە دامەزراوەی جوولەکەکان لە نیویۆرک، کالیفۆرنیا و ئەریزۆنا بکەنە ئامانج.

هێرشە گومانلێکراوەکان لە سەرانسەری ئەوروپا
بەپێی گوتەی داواکاری گشتی ئەمەریکا، سەعدی هەماهەنگی هێرش و پیلانی لە چەندین وڵات داناوە، لە سکاڵاکەدا هاتووە کە هێرشەکانی مانگی ئازاری ٢٠٢٠ ئەمانەی خوارەوە بوون:
• هێرشێکی تەقینەوە بۆ سەر پەرستگایەکی جوولەکە لە شاری لییج لە بەلجیکا لە ٩ی ئازار.
• هێرشێکی ئاگرکەوتنەوە بۆ سەر پەرستگایەکی جوولەکە لە ڕۆتەردام لە هۆڵەندا لە ١٣ی ئازار.
• هێرشێکی تەقینەوە بۆ سەر قوتابخانەیەکی جوولەکە لە ئەمستەردام لە هۆڵەندا لە ١٤ی ئازار.
• هێرشێکی تەقینەوە بۆ سەر بانکی نیویۆرک مێڵن لە ئەمستەردام لە ١٥ی ئازار.
• هێرشی ئاگرکەوتنەوە کە ڕێکخراوە جوولەکەکانی لە لەندەن کردبووە ئامانج لە مانگی نیسان.
• هێرشێکی چەقۆوەشاندن کە بووە هۆی برینداربوونی سەختی دوو پیاوی جوولەکە لە لەندەن لە ٢٩ی نیسان.

داواکارانی گشتی هەروەها دەڵێن سەعدی هەماهەنگی دوو هێرشی دیکەی لە کەنەدا کردووە و هەوڵی داوە هێرش لە ناوخۆی ئەمریکاش ڕێکبخات.

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەڵێن سەعدی هەوڵی داوە هێرشێکی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر پەرستگایەکی "دیار" لە شاری نیویۆرک ڕێکبخات، بەپێی وتەی داواکارانی گشتی، سەعدی پەیوەندی بە کەسێکەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە لە بەرامبەر پێدانی ١٠ هەزار دۆلار و وای زانیوە ئەو کەسە ئەندامی باندێکی مافیای مەکسیکییە کە توانای ئەنجامدانی هێرشەکەی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کەسە بریکارێکی نهێنیی ئێف بی ئای بووە.

هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا باسلەوە دەکەن کە سەعدی باسی لە هێرشکردنەسەر ناوەندی جوولەکەکان لە لۆس ئەنجلس و ئەریزۆنا کردووە.

دەرکەوتن لە دادگا

ئەلسەعدی ڕۆژی هەینی لەبەردەم دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرک ئامادە کرا، لەوێ بڕیاری بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی بەبێ کەفالەت بۆ دەرچوو، ناوبراو هیچ دانپێدانانێکی پێشکەش نەکردووە.

ڕوبەڕوی چەندین تۆمەت دەبێتەوە، لەوانە:
• پیلانگێڕی بۆ دابینکردنی پشتگیری ماددی بۆ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی.
• پیلانگێڕی بۆ پشتگیریکردنی کردەوەی تیرۆریستی.
• پیلانگێڕی بۆ تەقاندنەوەی شوێنی گشتی.

پەیوەندی لەگەڵ ئێران
داواکارانی گشتی ئەمەریکا دەڵێن سەعدی لە ساڵی ٢٠١٧وە وەک فەرماندەیەک لەناو کەتائیبی حیزبوڵا کاردەکات کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێت.
هەروەها سەعدی پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئیسماعیل قائانی فەرماندەی ئێستای فەیلەقەکە هەیە.