كورد زەنگی دووبارە شكستهێنان بە ئەردۆغان لێدەدات لە ئەستەنبوڵ

15-06-2019 02:42
ستراتیژەكەی هەدەپە سەركەوتوو بوو لە خستنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەكەی 31ی ئاداری ئەمساڵ.


پەرەگراف

هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانیی ئەستەنبوڵ ئەمجارەش دەنگ بە كاندیدی ئەردۆغان نادات‌و داوا لە دەنگدەرانی دەكات 23ی ئەم مانگە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان ئامادەبن لە پێناو دیموكراسی‌و ئاشتی.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) دەڵێت، لە هەڵبژاردنەكانی 31ـی ئاداردا گەلانی ئەستەنبوڵ گەورە شارەوانیی ئەو شارەیان بردەوە، بەڵام دەسەڵات ئەستەنبوڵی بۆخۆی برد. ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ بڕیاری دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردنەكەو قبوڵنەكردنی ئەنجامەكەی لەلایەن پارتەكەی ئەردۆغانەوە.

هاوسەرۆكی هەدەپە داوای لە دەنگدەران كرد ڕۆژی 23ی ئەم مانگە كە هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ دووبارە دەكرێتەوە، ڕوو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن، تەئكیدی كردەوە ئەستەنبوڵ هی ئەوانە، هی كوردان و گەلانی توركیایە و ڕادەستی ناكەن.

پەروین بوڵدان‌و سەزای تەمەللی هاوسەرۆكانی هەدەپە چەند جارێك بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان بۆ كاندیدی جەهەپە لە هەڵبژاردنەكەدا دەربڕیوە بەمەبەستی شكستهێنان بە پارتەكەی ئەردۆغان، ئەوەش دوای ئەو كرانەوەیەی ئەردۆغان دێت بە ڕووی كوردو عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە كە هەندێك لە ناوەندەكانی توێژینەوە دەیانبەستەوە بە خواستی ئەردۆغان بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی كورد تا ئەستەنبوڵ بباتەوە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا كە 31-3-2019 ئەنجامدرا، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانیی میلەت بوو(لە جەهەپە و ئیی پارتی پێكدێت) بە پشتیوانیی كورد سەركەوتنی بەسەر بینالی یڵدرم، كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) بەدەستهێنا، بەڵام ئاكپارتی ڕەخنەی لە ئەنجامەكان گرت.

دواتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی توركیا بڕیاری دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵی داو كاندیدی براوەی جەهەپە دەستبەكاربوون لە پۆستەكە لادرا، ئەوەش دوای پێنج هەفتە تێپەڕبوونە بەسەر لەدەستدانی ئەستەنبوڵ لەلایەن پارتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و بردنەوەی لایەنی ئۆپۆزسیۆن.

هەر لەهەمان ڕۆژی بڕیاری دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردن لە ئەستەنبوڵ، دوای چوار ساڵ بۆ یەكەمجار ئەردۆغان ڕێگەی خۆش كرد بۆ بڵاوبوونەوەی پەیامێكی ڕێبەری زیندانییكراوی پەكەكە عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ڕای گشتی.

بەپێی شیكردنەوەیەكی دامەزراوەی بەرگریكردن لە دیموكراسی، ئەم دوو هەنگاوە پێكەوە پیشانی دەدات كە ئەردۆغان نیازی بردنەوەی ئەستەنبوڵی هەیە لەڕێگەی ئاشتبوونەوە لەگەڵ كوردانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو شارە كە هۆكاری سەرەكیی بوون بۆئەوەی ئەردۆغان ئەستەنبوڵ لەدەست بدات.

بەڵام هاوسەرۆكانی هەدەپە كە دەنگی زۆرینەی كوردی توركیایان هەیە، بە دروشمی "لە كوردستان سەردەكەوین و لە توركیا شكست بە ئاكپارتی دەهێنین"، جارێكی دیكە زەنگی شكستی ئەردۆغان لێدەدەن لە ئەستەنبوڵ.

سەزای تەمەللی هاوسەرۆكی هەدەپە ئەمڕۆ بانگی لە دەنگدەران كرد لە 23ی حوزەیران بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان‌و دەنگی خۆیان بدەن، وتی "بچنەسەر سندوقەكان بۆئەوەی لەو سندوقانەوە دیموكراسی‌و ئاشتی‌و گفتوگۆ بێنەدەرەوە".

لە هەڵبژاردنەكەی 31ی ئاداری ئەمساڵ، ئاكپارتی بۆ یەكەمجار لە ماوەی بیست و پێنج ساڵدا ڕووبەڕووی لەدەستدانی ئەستەنبوڵ بوویەوە. هەر لەو هەڵبژاردنەدا پارتەكەی ئەردۆغان، لەكۆی شەش شاری گەورە، پێنج شاریانی بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دۆڕاند، ئەوە گەورەترین پاشەكشەی ئەو پارتەیە لەماوەی 17 ساڵی ڕابردوو كە دەسەڵاتی توركیای بەدەستەوەیە.

لەو هەڵبژاردنانەدا گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆنی توركیا پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) لەگەڵ ئیی پارتی، هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێنا تا پێكەوە ڕووبەڕووی هەژموونی ئاكەپە ببنەوە، هەرچەندە هەدەپە بە فەرمی نەچووە ناو ئەو هاوپەیمانێتییەوە، بەڵام ستراتیژێكی پەیڕەوكرد كە لەبەرژەوەندی هاوپەیمانێتییەكەی دژ بە ئەردۆغان بوو بە كشانەوەی كاندیدەكانی لەو شارە گەورانە لەناویاندا ئەستەنبوڵ، ئەوەش بۆ پشتیوانیی كاندیدەكەی جەهەپە.