پەرەگراف- پێشنيوهڕۆى ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن پاپا ليۆى چوارده، پاپای ڤاتیکان پێشوازیی لێکراو کۆبوونەوە.
سەرۆکایەتی هەرێم بڵاویکردەوە، لە كۆبوونهوهكهدا، نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی پێکهاتەکان له عێراق و ههرێمى كوردستان و جەختی کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نيشتمانيى هەرێمی کوردستان و پێکەوە داهاتووی وڵات دادەڕێژن.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی مەعنەوی و مێژوویی ڤاتیکان لە برەودان بە گفتوگۆ و پێکەوەژیان لە جیهاندا دەربڕی، ههروهها وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەردانە مێژووییەکەی پاپا فرانسیسی کۆچکردوو، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی پاپا لیۆی چواردە کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان.
"لای خۆیەوە، قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد. ههروهها ڕۆڵى هەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناغە سەختەکاندا، بهرز نرخاند" بەپێی سەرۆکایەتی هەرێم.
لە تەوەرێکی ديكهی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و ههردوولا هیوایان خواست کە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتە دی.