سەڵاحەدین بەهادین: مەسروور بارزانی بە سوپاسەوە دەستپێشخەریەکەمانى ‏وەرگرت

18-05-2026 05:19

پەرەگراف - ئەمیندارى یەکگرتوو دەستپێشخەریى حیزبەکەى بۆ تێپەڕاندنى دۆخى ‏سیاسیى چەقبەستووى هەرێمى کوردستان بردە لاى مەسروور بارزانى و ‏هەردووکیان دەڵێن "جەختمان لە گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمان کردەوە". ‏

سەڵاحەدین محەمەد بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی ‏کوردستان، دوێنێ دەستپێشخەرییەکەى بردە لاى بافڵ تاڵەبانى، سەرۆکى ‏یەکێتیى نیشتمانى و وەڵامى ئەرێنیى بەشێوەیەکى سەرەتایى وەرگرتووە. ‏

ئەمڕۆیش دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ‏هەرێم و جێگرى دووەمى سەرۆکى پارتى، سەلاحەدین بەهادین دەڵێت "کاک ‏مەسروور بە ڕێز و سوپاسەوە یاداشتەکەی وەرگرت و ئاماژەی بە تەنگژە و ‏ئاستەنگەکان کرد، هاوڕا بوو لەسەر زەرورەتی هەنگاوی کرداری بۆ ‏کاراکردنەوەی پەرلەمان و ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی خۆمان". ‏

هەروەها مەسروور بارزانى لەبارەى کۆبوونەوەکەوە دەڵێت "جەختمان لە ‏گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراوە یاسایی و ‏دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە". ‏

ناوەرۆکى دەستپێشخەرییەکەى یەکگرتوو خۆى دەبینێتەوە نەهێشتنى گرژیى ‏گوتارى میدیایى نێوان پارتى و یەکێتى و ئاساییکردنەوەى دۆخەکە بۆ گفتوگۆ، ‏پاشان کارکردن بۆ کرارکردنەوەى پەرلەمان لە ماوەى یەک مانگدا و پاشان ‏پێکهێنانى حکومەت بە بەشداریى هەموو ئەو لایەنانەى کە دەیانەوێت تێیدا ‏بەشدار بن. ‏