فراکسیۆنى پارتى: پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ‏دەکەین

19-05-2026 11:42

پەرەگراف - فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان دەڵێت "پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک بۆ ‏کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەین". ئەم پەیامەى فراکسیۆنەکە بەبۆنەى تێپەڕینى ٣٤ ‏ساڵ بەسەر ئەنجامدانى یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێمى کورستانە، بەڵام زیاتر لە ساڵێک و شەش ‏مانگ بەسەر دوایین هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و هێشتا پەرلەمان کارا نەکراوە و کابینەى دەیەمى ‏حکومەتى هەرێم پێک نەهاتووە. ‏

یەکەم هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ١٩-٠٥-١٩٩٢ بەڕێوە چوو. فراکسیۆنی پارتی ‏دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت "بە شانازییەوە ئەم یادە مێژووییە دەکەینەوە کە ‏یەکێکە لە گرنگترین وێستگەکانی دامەزراندنی قەوارەی سیاسی و یاسایی و دامەزراوەیی هەرێمی ‏کوردستان". ‏

فراکسیۆنەکە دەشڵێت "پەرلەمانی کوردستان، وەک دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری، بنەمایەکی ‏سەرەکییە لەوەی ئیرادەی هاووڵاتیان ببێتە سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیەت. بۆیە پاراستنی ‏پەرلەمان، پاراستنی قەوارەی هەرێم و مافە دەستووریەکانی گەلی کوردستانە لە عێراق، کە بە ‏خەباتێکی دوورودرێژ و قوربانیی بێشومار و پێداگریی گەلەکەمان هاتوونەتەدی". ‏

فراکسیۆنى پارتى، کاراکردنەوەی پەرلەمان بە "پێویستییەکی نیشتمانی و دەستووری و ‏دامەزراوەیى" ناو دەبات و دەڵێت "لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەماندا، زیاتر لە هەر کاتێک ‏پێویستمان بە پەرلەمانێکی کارا هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان". ‏