پەرەگراف - سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغداد بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەر و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بەر لە جەژن، پەیوەستە بە جێبەجێکردنى ڕێکار و مەرجەکان لەلایەن وەزارەتى دارایى هەرێمەوە". وەزیرى دارایى هەرێمى کوردستانیش لە نوێترین لێدواندا دەڵێت "کە مانگى پێنج تەواو بوو، داهاتى نانەوتى دەنێرین". بەهۆى ئەنجامنەدانى ڕێکارەکان لەم چەند ڕۆژەى کە لەبەردەستدا ماوە، مووچەى هەرێم بەر لە جەژن خەرج ناکرێت.
ئەمڕۆ ٢٠-٠٥-٢٠٢٦، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى عێراق، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "لەم ڕۆژانەدا لیستى مووچەى مانگى پێنج دەنێرین". سەبارەت بە ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتیش وتى "کە مانگى پێنج تەواو بوو دەردەکەوێت داهات چەندە و دەینێرین".
ئەم قسانەى وەزیرى دارایى هەرێم لە کاتێکدایە کە وەزارەتى دارایى عێراق دەستى بە ڕێکارەکانى خەرجکردنى مووچە کردووە و لەم چەند ڕۆژەى بەر لە جەژندا مووچەى مانگى پێنجى سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان دابەش دەکات. بەڵام خەرجکردنى مووچەى هەرێمى کوردستان پەیوەستە بە جێبەجێکردنى ئەو ڕێکارانەى کە بەپێى ڕێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت مانگانە جێبەجێ بکرێن.
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدادەوە بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "تا ئێستا هیچ کام لە مەرج و ڕێکارەکان لەلایەن هەرێمەوە جێبەجێ نەکراون، چاوەڕێش ناکرێت بەم چەند ڕۆژە ئەنجامى بدەن، بۆیە خەرجکردنى مووچەى هەرێم بەر لە جەژن، ئەستەمە".
بەپێى ڕێککەوتنى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق، بۆ خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەر و خانەنشینانى هەرێم پێویستە چەند مەرج و ڕێکارێک جێبەجێ بکرێن، کە بریتین لە: ناردنى لیستى مووچەى ئەو مانگە، ناردنى تەرازووى پێداچوونەوەى خەرجى و داهاتى مانگى پێشوو، ڕادەستکردنى ١٢٠ ملیار دینار داهاتى نانەوتى، ڕادەستکردنى کۆى نەوتى بەرهەمهێنراو جگە لە ٥٠ هەزار بەرمیل کە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیە.
جگە لە مەرجى ڕادەستکردنى نەوت، وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان هێشتا مەرجەکانى دیکەى ناردنى مووچەى جێبەجێ نەکردووە و کەمتر لە هەفتەیەکیش ماوە بۆ جەژن.