مەسرور بارزانی بۆ تاوتوێکردنی کێشەی مووچە، کارەبا، نەوت و هێرشی درۆنەکان دەچێتە بەغداد

22-05-2026 02:44

پەرەگراف- مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەم ڕۆژانەدا سەردانی بەغداد دەکات و لەگەڵ عەلی زەیدی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆدەبێتەوەو دۆسیەکانی؛ چاکسازیی و هەماهەنگیی لە کەرتی کارەبا، زیادکردنی بەرەم و هەناردەی نەوت، هێرشی درۆنەکان و کێشە داراییە بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، تاوتوێ دەکەن.

بە وتەی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی مەسرور بارزانی، حکومەتی هەرێم پلانی هەیە ئەزموونی خۆی لە پڕۆژەی کارەبای "ڕووناکی" بخاتە بەردەم حکومەتی نوێی عێراق.

عەزیز ئەحمەد لە تۆڕی ئێکس دەڵێت: "ئێمە ئەزموونە بێوێنەکەی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی ٢٤ کاتژمێریی پڕۆژەی ڕووناکی پێشکەشی حکومەتی نوێی فیدراڵ دەکەین، لەوانەش هاوکاری تەکنیکی و دابینکردنی تەکنەلۆژیا بۆ خێراکردنی ئامانجەکانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بۆ چاکسازی لە کەرتی کارەبادا."

پڕۆژەی ڕوناکی کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا دەستیپێکردووە، ئێستا بەپێی وتەی بەرپرسانی پڕۆژەکە، کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بەردەوامی بۆ نزیکەی ٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان دابین کردووە، کە دەکاتە زیاتر لە ٨٥٪ی دانیشتووانی هەرێم.

ئامانجی ئەم پڕۆژەیە کۆتاییهێنانە بە پشتبەستن بە مۆلیدە ئەهلییەکان و فراوانکردنی گەیاندنی کارەبای نیشتمانیی ٢٤ کاتژمێریی بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.

هەناردەکردنی نەوت و هێرشی درۆنەکان
عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد کە مەسرور بارزانی بەدواداچوون بۆ ئەو گەرەنتییە ئەمنییانە دەکات کە مەبەست لێیان ڕێگەدانە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بکەنەوە.

"ناکرێت چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیاکان بکرێت لە کاتێکدا مەترسی درۆن لە ئاسماندا هەبێت" عەزیز ئەحمەد وادەڵێت.

ئەوە لەکاتێکدایە سەرباری ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکاو ئێران، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان نەوەستاون لەلایەن ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەربە ئێران.

سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەغداد هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە نوێیەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کەمیی کارەبا بەرلە وەرزی هاوین.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەردانی وەزارەتی کارەبای لە بەغدا کرد و سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد سەبارەت بە پلانەکانی جێگیرکردنی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لە کاتی لوتکەی خواست لە هاویندا.

زەیدی کەرتی وزەی وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی کارنامەی چاکسازیی حکومەتەکەی ناوبرد و ڕێنمایی بەرپرسانی وەزارەتی کرد کە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد بکەن و پچڕانەکان کەم بکەنەوە. وتیشی حکومەت هەوڵی دۆزینەوەی "چارەسەرێکی هەمیشەیی" بۆ قەیرانی کارەبای عێراق دەدات و ئامانجیەتی وڵات لە پچڕانی بەردەوامی کارەبا ڕزگار بکات.

چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، داهاتە نەوتییەکان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە داراییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵیش بگرێتەوە بەجۆرێک گەرەنتی ناردنی مووچەی هەرێم بکات مانگانە لەکاتی خۆیدا.