مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی جەخت لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد دەکەن

23-05-2026 02:08

پەرەگراف- مەسرور بارزانی لە بەغداد لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوەو کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدایان تاوتوێ کرد.

 حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، مەسرور بارزانی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی بۆ سەرخستنی حکومەتەکەی زەیدی دەربڕی لەپێناو خزمەتکردنی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراق بێ جیاوازی. 

"سەرۆکی حکومەت جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان کردەوە" حکومەتی هەرێم وادەڵێت.

ڕاگەیەندراوەکە دەشڵێت "سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکومەت دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە ئێمە هەموومان هاوبەشین لەم وڵاتەدا و ئامانجمان چارەسەرکردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن و خزمەتکردنی هەموو هاووڵاتییان و پێکهاتەکانە بێ جیاوازی. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پتەوکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان."