پەرەگراف- هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامەو بڕیارە شاندێکی هاوبەشی ئەمنیی عێراق و هەرێم سەردانی ئێران بکەن بۆ ئەو مەبەستە.
ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە دووەم ڕۆژی سەردانەکەیدا لە بەغداد لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی بەردەوامیی هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان بوون کە دواینیان شەوی ڕابردوو بوو لە پارێزگای هەولێر.
دوای کۆبوونەوەکەیان، قسام ئەعرەجی بە ڕۆژنامەنووسانی وت، پاراستنی سەقامگیری و هێزی هەرێمی کوردستان، بەهێزییە بۆ تەواوی عێراق وتیشی "ئێمە لە هەرێم تێدەگەین و ئەوانیش لە ئێمە، چونکە هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، عێراقیش بەهێز دەبێت".
"بەمزووانە شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی تاران دەکات بۆ دیراسەکردنی ئەم بابەتە بە روونی" ئەعرەجی وای وت.
هەرلەسەر کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەعرەجی، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، سوپاسی ڕۆڵی گرنگیی ئەعرەجی کردووە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و پشتیوانیی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەشڵێت "ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکەمان بۆ بەغدا کرد و گوتی شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین کە خەبات و قوربانییەکی زۆری داوە و ڕۆڵێکی دیاری لە هێنانەدی سیستەمی سیاسی ئێستای عێراقدا هەبووە، هاوڕابووین لەسەر پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بۆ خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی هەرێمی کوردستان".