مەسروور بارزانى: بەڵێن دراوە مووچەى هەرێمى کوردستان خەرج بکرێت

24-05-2026 03:23

پەرەگراف - سەبارەت بە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەر لە جەژن، مەسروور بارزانى دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ نوورى مالیکى لە بەغداد، ڕایگەیاند "باس کراوە و بەڵێن دراوە، ئیتر با بزانین چى دەبێت".

هاوکات ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کە ئەندامى شاندەکەى هەرێمە، جەختى کردەوە کە ئەو بەڵێنە لە کۆبوونەوەى نێوان شاندەکەى هەرێم و عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دراوە، کە مەسروور بارزانى باسى مووچەى کردووە، سەرۆکوەزیرانى عێراق وتوویەتى "وەزیرى داراییم ڕاسپاردووە کە مووچەى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى شوێنەکانى دیکەى عێراق خەرج بکات".

ئومێد سەباح وتیشى "هەوڵ دەدەین ئەمڕۆ وەزیرى دارایى عێراق ببینین و باسى کاتى ناردنى مووچە بکەین".