پەرەگراف - سەرچاوەیەک لە بەغداد بە پەرەگرافى ڕاگەیاند، فالح سارى، وەزیرى دارایى عێراق، واژووى لەسەر نووسراوى خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان کرد. ئەو سەرچاوەیە وتیشى "چاوەڕێ دەکرێت هەر ئەمڕۆ مووچەى هەرێم لەلایەن وەزارەتى دارایى عێراقەوە خەرج بکرێت و بنێردرێت، یان ئەوپەڕى سبەینێ بەیانییەکەى دەخرێتە سەر هەژمارى دارایى هەرێم".
هەر ئەمڕۆ ٢٤-٠٦-٢٠٢٦، سەبارەت بە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەر لە جەژن، مەسروور بارزانى دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ نوورى مالیکى لە بەغداد، ڕایگەیاند "باس کراوە و بەڵێن دراوە، ئیتر با بزانین چى دەبێت".
هاوکات ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کە ئەندامى شاندەکەى هەرێمە، جەختى کردەوە کە ئەو بەڵێنە لە کۆبوونەوەى نێوان شاندەکەى هەرێم و عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دراوە، کە مەسروور بارزانى باسى مووچەى کردووە، سەرۆکوەزیرانى عێراق وتوویەتى "وەزیرى داراییم ڕاسپاردووە کە مووچەى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى شوێنەکانى دیکەى عێراق خەرج بکات".
ئومێد سەباح وتیشى "هەوڵ دەدەین ئەمڕۆ وەزیرى دارایى عێراق ببینین و باسى کاتى ناردنى مووچە بکەین".
کەمتر لە سێ ڕۆژ ماوە بۆ جەژنى قوربان و دابەشکردنى مووچە لە خێراترین ماوەدا دوو ڕۆژى پێویستە، ئەگەر ئەمڕۆ وەزارەتى دارایى عێراق مووچەکە خەرج بکات و بخرێتە سەر هەژمارى وەزارەتى دارایى هەرێم لە لقى هەولێرى بانکى ناوەندى، هەر ئەمشەو لیستى مووچە ڕادەگەیەندرێت و سبەینێ و دوو سبەى مووچەى دابەش دەکرێت. ئەگەریش بکەوێتە بەیانى، لەگەڵ گەیشتنى پارەکە لیستى مووچە بڵاو دەکرێتەوە.