مەسروور بارزانى و مالیکى: ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی ڕاست بکرێتەوە و وەزارەتە بەتاڵەکان یەکلا بکرێنەوە
مەسروور بارزانى پاش کۆبوونەوەى لەگەڵ نوورى مالیکى ڕایگەیاند "هاوڕابوون لەسەر ئەوەى کە لێدان لە یاسا و پێشێلکردنى دەبێت ڕاست بکرێتەوە". نووسینگەى نوورى مالیکیش دەڵێت "هەردوولا ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی و یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانى حکومەتیان بە گرنگ باس کردووە".
ئەمڕۆ ٢٤-٠٦-٢٠٢٦، مەسروور بارزانى لە چوارچێوەى سەردانەکەى بۆ بەغداد لەگەڵا نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا کۆبووەوە و دواى کۆبوونەوەکە وتى "زۆر زۆر خۆشحاڵ بووین بە بینینى بەڕێز نوورى مالیک، دۆست و کەسایەتییەکى دێرین و کاریگەرى ئەم وڵاتە. ڕێز و تەقدیرێکى ئێجگار زۆرمان هەیە بۆ خەبات و ماندووبوونى جەنابیان. دۆستێکى نزیکى ئێمەیە. زۆر خۆشحاڵ بووین بەوەى لە خزمەت جەنابیاندا بووین".
سەبارەت بە ناوەرۆکى کۆبوونەوەکەیان، سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند "پرسەکانى پەیوەست بە عێراق، پەیوەندیى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەوەى کە لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت" تەوەرەکانى گفتوگۆ بووە و وتیشى "بیر و بۆچوونەکانمان زۆر نزیکە. هاوڕابوون لەسەر ئەوەى کە ئەو هەوڵانەى بۆ تێکدانى ئاسایشى ناوچەکە و عێراق هەیە، لێدان لە یاسا و پێشێلکردنى، دەبێت ڕاست بکرێنەوە.
مەسروور بارزانى جەختى کردەوە کە" هەوڵ دەدەین هەموومان بەیەکەوە عێراق بەرەو ئاسۆیەکى ڕووناک ببەین ".
نووسینگەى نوورى مالیکى لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت" هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چەسپاندنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان (حزبی دەعوەی ئیسلامی) و (پارتی دیموکراتی کوردستان) کردەوە، لەسەر بنەمای دەستوور و شەراکەتی نیشتمانی، بە ئامانجی پشتیوانیکردنی سەقامگیریی سیاسی و بەهێزکردنی یەکڕیزیی وڵات ".
"پێویستیی بەدیهێنانی تەبایی سیاسی لە نێوان تەواوی هێز و پێکهاتە نیشتمانییەکان، لەگەڵ پەنابردن بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان "، لەلایەن مەسروور بارزانى و نوورى مالیکییەوە جەختى لىَ کراوەتەوە.
نووسینگەى مالیکى دەشڵێت "لە دیدارەکەدا ئاماژە بە گرنگیی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پرۆسەی سیاسی و یەکلاییکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان لە حکومەتدا کرا. هەروەها جەخت لە پابەندبوون بە ڕێککەوتن و پەیماننامە سیاسییەکان و تێنەپەڕاندنیان کرایەوە، وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی شەراکەتێکی ڕاستەقینە کە سەقامگیری بپارێزێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق مسۆگەر بکات ".
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەوە لەسەر "بەردەوامیی ڕاوێژ و هەماهەنگیی چڕ"ـى پارتى دیموکرات و حیزبى دەعوە بەمەبەستی" چاودێریکردنی گۆڕانکارییەکان و هەڵسەنگاندنی پێشهاتەکان، بۆ گەیشتن بە هەڵوێستی هاوبەش و گرتنەبەری ڕێکار و هەنگاوی پێویست و یاسایی".