پەرەگراف- مەسعود بارزانی لە پەیامی پیرۆزبایی جەژندا داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکات کە "لەدوای جەژن بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە كۆببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن".
بارزانی داواش دەکات "واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە و ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت".
سەرۆکی پارتی کارکردن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بە "ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتیمانی" ناو دەبات و دەڵێت "پێویستە هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست".
"پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن"، مەسعود بارزانی وا دەڵێت.