سەدر هەنگاوە گرنگەکەی نا؛ سەرایا سەلامی لە ڕەوتەکەی دابڕی بۆ بەستنەوەی بە دەوڵەتەوەو زەیدی پێشوازیی لێ دەکات
پەرەگراف- موقتەدا سەدر لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە دەستی دەوڵەتەوە، گروپی چەکداریی سەرا سەلام کە سەربە دەستەی حەشدی شەعبییە لە ڕەوتەکەی دابڕی بە مەبەستی بەستنەوەی بە دەوڵەتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لێ دەکات و داوای هەنگاوی هاوشێوە لە سەرجەم گروپە چەکدارییەکانی دیکە دەکات.
سەدر داوای چوونە ناو دەوڵەت دەکات
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، سەدر ڕایگەیاند کە بڕیارەکە "لەبەر بەرژەوەندی گشتی نیشتمان و بۆ دوورکەوتنەوە لەو مەترسییانەی دەوری وڵاتیان داوە" دراوە.
سەرۆکی ڕەوتی نیشتیمانیی شیعە دەشڵێت، پێویست بوو جیابوونەوەی تەواوەتیی سەرایا سەلام لە ڕەوتی نیشتمانیی شیعە ڕابگەیەنێت، هەروەها تێکەڵبوونی تەواوەتییان بە دەوڵەت و لەژێر دەسەڵاتی ئەو بەرپرسە گشتییەی کە بەرپرسیارە لە پێکهاتە سەربازییەکان (مەبەستی سەرۆکوەزیرانی عێراقە).
سەدر ئەوەش دەخاتە ڕوو کە لقە مەدەنییەکانی سەر بە گرووپەکە دەبەسترێنەوە بە دامەزراوەی بونیان مەرسووس کە سەر بە ڕەوتەکەیەتی بەبێ ئەوەی هیچ پێکهاتەیەکی سەربازی، بارەگا و چەک یان هەبێت.
موقتەدا سەدر هەروەها داوای لە گروپەکانی دیکەی ناو حەشدی شەعبی کرد کە خۆیان لە "فەرمانی حیزبی و تائیفی" دوور بخەنەوە، "هیوادارم هەموو پێکهاتەکانی حەشد لە فەرمانی حیزبی و تائیفی جیا ببنەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی گروپەکان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن، وەک چۆن ساڵانێک لەمەوبەر ئامۆژگاریمان کردن."
سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، ستایشی ڕاگەیەندراوەکەی سەدری کرد و وەک پشتیوانییەک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت وێنای کرد.
زەیدی وتی "دەستخۆشی لەو هەڵوێستە نیشتمانییە بەرپرسیارانەیە دەکەین کە سەید موقتەدا سەدر ڕایگەیاند سەبارەت بە تێکەڵکردنی پێکهاتەکانی سەرایا سەلام بە دەوڵەت و خستنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان."
ڕاشیگەیاند کە ئەم دەستپێشخەرییە پشتیوانی لە "سەروەریی دەوڵەت و سەروەریی یاسا" دەکات و پرەنسیپی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەهێزتر دەکات.
زەیدی داوای لە گروپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق کرد هەمان ڕێچکە بگرنەبەر. وتی "داوا لە هەموو گروپە چەکدارەکان دەکەین هەمان ڕێڕەوی نیشتمانیی بەرپرسیارانە بگرنەبەر و لەژێر چەتری دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانیدا کار بکەن."
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی ئێستای عێراق پێویستی بە پێشخستنی "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت هەیە.
چەک و دەسەڵاتی دەوڵەت
کێشەی گروپە چەکدارەکان کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی دەوڵەت کار دەکەن، وەک یەکێک لە هەستیارترین تەحەددییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق ماوەتەوە لە دوای سەرهەڵدانی داعش و فراوانبوونی حەشدی شەعبی دوای ساڵی ٢٠١٤.
حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق چەندین جار بەڵێنی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و ڕێکخستنی چەکیان لە ژێر چەتری دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکاندا داوە، لە کاتێکدا گروپە چەکدارە سەرەکییەکانی نزیک لە ئێران بەردەوامن لە پاراستنی هەژموون و کاریگەرییە سەربەخۆکانی خۆیان.