دامەزراوەی ساڵ: لە ئاهەنگەکەی هەواری شار لە سلێمانی تەقە نەکراوەو کەس بریندار نەبووە

28-05-2026 10:06

پەرەگراف- دامەزراوەی ساڵ ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئاهەنگەکەی هەواری شار لە سلێمانی بڵاوکردەوە کە شەڕو ئاڵۆزیی لێکەوتەوەو دەڵێت: نزیکەی 10 هەزار کەس بەشداربوون و هیچ ڕووداوێکی تەقەکردن ڕووی نەداوەو کەس بریندار نەبووە.

ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتی

ئێمە لە «دامەزراوەی ساڵ»، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی و میوان و ڕێبواران دەزانین بۆ ئەو بەشدارییە بەرفراوانەی ئەمڕۆیان لە ئاهەنگی جەژنانەی سلێمانیدا. لێرەوە ئاشکرای دەکەین بە پشت‌بەستن بە داتاکانی ئیدارەی شوێنەکە و وێنە و ڤیدیۆ تۆمارکراوەکان، ژمارەی بەشداربووان نزیکەی (دە هەزار کەس) بووە. 

ئەم ئاهەنگە بە مەبەستی خۆشگوزەرانیی خەڵکی شارەکە و میوانان بە خۆڕایی ئەنجام درا، بەڵام بەداخەوە لە بەشی یەکەمی ئاهەنگەکەدا، ژمارەیەک کەسی ئاژاوەگێڕ هەوڵی تێکدانی کەشوهەوای ئاهەنگەکەیان دا. لەبەر ئەوە، بە بڕیاری خۆمان ئاهەنگەکەمان ڕاگرت. لێرەوە سەرجەم ئەو هەواڵانە بە درۆ دەخەینەوە کە باس لە ڕووداوی تەقەکردن دەکەن؛ ڕایدەگەیەنین کە هیچ ڕووداوێکی تەقەکردن ڕووی نەداوە و هیچ کەسێک بریندار نەبووە.

ئەو دەنگۆیانەی لەلایەن هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراونەتەوە، بەتەواوی ڕەتی دەکەینەوە و بە هەوڵێکی ناڕەوای دەزانین بۆ شێواندنی ناوبانگی شاری سلێمانی. 

بڕیارمانداوە لە کات و شوێنێکی گونجاوی تردا، هەمان ئاهەنگ دووبارە ئەنجام بدەینەوە.

لە کۆتاییدا، سوپاسی «دەزگای میدیای کوردسات» دەکەین بۆ ئەو نمایشە هونەرییە گەورەیەی پێشکەشیان کرد. هەروەها سوپاسی بێپایانی هێزە ئەمنییەکان دەکەین بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی لە پاراستنی ئارامی و ڕێکخستنی دۆخەکەدا بینییان.

سوپاس بۆ هەموو لایەک.

دامەزراوەی ساڵ

٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦