قوباد تاڵەبانی: ئامادەین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و کێشەمان لەسەر هاوبەشیی و پێکەوەبەڕێوەبردنە
پەرەگراف- قوباد تاڵەبانی سەرۆکی شاندی یەکێتی بۆ گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت ڕایگەیاند، ئامادەین بۆ گفتوگۆ و كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، كێشە كۆبوونەوە نییە، ئەوەیە كە ئایا یەكێتی و پارتی لەوە تێگەیشتوون كە حكومەت بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت، پێویستی بە هاوبەشی راستەقینەو هاوسەنگییە، "ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان لەو خەقیقەتە تێگەیشتووین".
قوباد تاڵەبانی وتیشی، كێشەكانمان لەسەر پۆست نییەو لەسەر فەلسەفەی شەراكەت و پێكەوەكاركردن و پێكەوەبەڕێوەبردنە.
ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەدێت بەرپرسانی پارتی ئاماژە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەو دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ دەکەن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئەوەش دوای پەیامەکەی مەسعود بارزانی کە بەبۆنەی جەژنەوە بڵاویکردەوەو داوا لی لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە "لەدوای جەژن بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە كۆببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن".
بارزانی داواشی کرد "واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامە و ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت".
سەرۆکی پارتی کارکردن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بە "ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتیمانی" ناو دەبات و دەڵێت "پێویستە هەموو لایەك بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست".
"پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەك بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لە سەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن"، مەسعود بارزانی وای وت.