پەرەگراف- وتەبێژی فەرمی پارتی ڕایگەیاند، هێشتا وادەی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دیاری نەکراوەو لە کۆبوونەوەکاندا قسە لەسەر لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی دەکەن کە وتی 39 بە 39 کورسین لەگەڵ پارتی.
مەحمود محەمەد بە ڕۆژنامەنووسانی وت، "ناکرێت ئەو عینادییەی هەندێک لایەن هەیانە بەردەوام بێت"، چارەسەر بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە ڕێککەوتنی لایەنەکانە بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەڵام ئەگەر نەبوو، چار نییەو پێویستە هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.
بافڵ تاڵەبانی دوێنێ لە وتارێکدا بۆ یادی ٥١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ڕایگەیاند، لەم ڕۆژانەدا ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ نەوەی نوێ واژۆ دەکەن و بەوەش کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان هاوتای پارتی دەبێت و داوای نیوەی حکومەت دەکەن.
سەرۆکی یەکێتی وتی، دوا ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ نەوەی نوێ دەست بۆ سەرجەم لایەنەکانی دیکە درێژ دەکەین بۆ لێکتێگەیشتن و پێویستە بەرەیەکی نەتەوەیی دروست بکەین.
"ئامادەین بە ژمارە مامەڵە بکەین، ٣٩ بە ٣٩ین و داوای نیوەی حکومەت دەکەین" بافڵ تاڵەبانی وای وت.
ئەوە لەکاتێکدایە گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی ١٠ی حکومەتی هەرێم شەش مانگە ڕاگیراوەو زیاتر لە ساڵ و نیوێکیشە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام پەرلەمان کارا نییە بەهۆی ڕێکنەکەوتنی ئەو دوو لایەنە سەرەکییە لەسەر پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەت.