قەیس خەزعەلی چەکدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق دەخاتەژێر دەستی حکومەت

02-06-2026 12:56

پەرەگراف- قەیس خەزعەلی بڕیاری ڕادەستکردنی چەکی بە حکومەت دا، ئەوەش چەند ڕۆژێک دوای هەمان هەنگاوی موقتەدا سەدر.

بزووتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەق کە خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، پاڵپشت بە داواكاری مەرجەعی باڵاو هەڵوێستی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و جەختكردنەوە لە لێدوانی قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسایبی ئەهلی حەق سەبارەت بەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بێت، "دەستمان كرد بە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكان لە رێگای پێكهێنانی لیژنەیەكەوە".

عەسایبی ئەهلی حەق دەشڵێت، لیژنەکە بەرپرسیارێتیی تەواوکردنی پێداویستی و ڕێوشوێنە تایبەتەکانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەگرێتە ئەستۆ، کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:

- سەرژمێریکردنی سەرجەم کەس، چەک و تەقەمەنییەکان، ئامێر و کەرەستەکان و هەموو هۆکارە لۆجستییەکان

- ڕێکخستنی پەیوەندی و بەستنەوەی ڕاستەوخۆ بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە، بە شێوازێک کە لەگەڵ داواکارییەکانی دەوڵەت و دامەزراوە ئەمنییەکانیدا بگونجێت.