وەزارەتى دارایى لەسەر داهاتى ناوخۆ وەڵامى عەلى حەمەساڵح و عومەر گوڵپى دەداتەوە؛ ئەوان چى دەڵێن؟
پەرەگراف - وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان وەڵامى عەلی حەمەساڵح و عومەر گوڵپی دەداتەوە و تۆمەتباریان دەکات بەوەى کە بە "ناشارەزایی و نەزانی" لێکدانەوەیەکی "نادروست" یان بۆ ئەو داتایانە کردووە کە وەزیری دارایی لەبارەى داهاتی ناوخۆ لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا خستیە ڕوو. ئەوانیش لە وەڵامدا داواى ڕووبەڕووبوونەوەیان لە دیدارێکى میدیاییدا لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایى دەکەن بۆ خستنە ڕووى "بەڵگە" و "سەلماندن" ـى قسەکانیان.
لەبارەى قسەیەکى عەلی حەمەساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، کە دەڵێت "وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاندووە داهاتی مانگانەیان ٤٠٠ ملیار دینارە"، هەروەها عومەر گوڵپى، ئەندامى پێشووى پەرلەمانى کوردستان کە دەڵێت "داهاتى ناوخۆ زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە"، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاریى وەزارەتی دارایی و ئابوورى لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەو قسانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت "هیچ بنەمایەکی نییە".
بەپێى خشتەیەک کە وەزارەتى دارایى بڵاوى کردووەتەوە، داهاتى ناوخۆى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ ٦٣٣ ملیار و ٨١٣ ملیۆن دینار بووە، کە زۆرترین داهات لە مانگى دوودا بووە بە ١٨٠ ملیار و ٦١٩ ملیۆن دینار و کەمترین داهاتیش هى مانگى سێ بووە بە ٨٦ ملیار و ١٧٥ ملیۆن دینار. بەشێوەیەکى گشتیش داهاتى مانگانە ١٠٥ ملیار و ٦٣٥ ملیۆن دینار بووە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێم، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵى ڕووداو، باسى لە داهاتى پێنج مانگى سەرەتاى ئەمساڵ کرد. دواتر عەلى حەمەساڵح و عومەر گوڵپى لە هەژمارى خۆیان لە فەیسبووک وەڵامیان دایەوە و ئەو داتایانەیان ڕەت کردەوە کە وەزیرى دارایى خستیە ڕوو.
دەقى ڕوونکردنەوەکەى وەزارەتى دارایى
ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری/ وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە.
(يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَىٰ مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ)
دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنێکی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری لە کەناڵی ڕووداو، کە تێیدا داهاتی ناوخۆی پێنج مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستانی خستبووە ڕوو، هەریەک لە بەڕێزان عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچووی پەرلەمانی کوردستان بە ناشارەزایی و نەزانی چەند لێکدانەوەیەکی نادروستیان بۆ داتاکان کردووە، ئەوەی پەیوەندی بەوەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە هەیە بە پێویستمان زانی لەم چەند خاڵەی خوارەوە وەڵامیان بدەینەوە.
١- لەدەستپێکی قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمەساڵح دەڵێت وەزارەتی دارایی پێشتر ڕایگەیاندووە داهاتی مانگانەیان چوار سەد ملیار دینارە، ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ کات وەزارەتی دارایی ئەو ئامارەی بڵاونەکردووەتەوە، داهاتی ناوخۆ ژمارەیەکی جێگیر نییە و مانگانە بەرز و نزم دەکات.
بەخشتەیەک داهاتی ناوخۆی حەوت ساڵی ڕابردوو دەخەینەڕوو کە مانگانە لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە تۆمار کراوە و لەلایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وردبینی بۆ کراوە و وەزارەتی دارایی عێراقیش هیچ ڕەخنەیەکی لێی نەبووە، جێی خۆیەتی لە کاک عەلی بپرسین بێ زەحمەت ئەم چوار سەد ملیارەت لەکوێ هێناوە؟ ٢- هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت داهاتی خاڵە سنوورییەکان مانگانە ١٤٠ ملیار دینارە ئێستا چۆن ڕێی تێدەچێت ٤٠ ملیار دینار بێت، داهاتی خاڵەسنوورییەکانیش هاوشێوەی داهاتەکانی دیکە بەردەوام لەگۆڕاندایە، لە ڕابردوو هەر ژمارەیەک بووبێت لە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە دەرکەوتووە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان خۆیان لە گومرگ و دەروازەکان وردبینیان کردووە و ژمارەکانیان لە بەردەست بووە، وەهیچ لایەنێکی فەرمی و یاسایی ڕەخنەیان لێی نەبووە، نازانین سەرچاوەی ئەو زانیارییانەی کاک عەلی باسیان دەکات چییە؟ ! بۆ هەموو ئەوانەی داتاو زانیاری ناڕاست بڵاو دەکەنەوە، لامان سەیرە ئەو بەڕێزانە تا ئێستا ئاگاداری دۆخ و فشار و ئابڵوقەی سەر هەرێم نین، هەروەک ئەوەی لێرە نەژین، لە هەموو بوارەکانی باج و گومرگ و بیمە و هتد…. کە فشارێکی ئابووری و بازرگانی توندی لەسەر هەرێم داناوە.
سەرباری شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە کاریگەریەکانی گەیشتووەتە سەرتاسەری دنیا و کاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر عێراق کردووە، بە چ لۆژیکێک کاریگەری لەسەر هەرێم جێناهێڵێت؟ ڕاستیەکەش ئەوەیە هەروەک بەپێی داتا و زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە دەرکەوتووە بەنزیکەیی لە ٧٠٪ داهات کەمبووەتەوە.
٣- لە بەشێکی تری قسەکانیدا باس لە داهاتی هاتووچۆ دەکات، سەرباری ئەوەی سەرچاوەی زانیارییەکانی لای ئێمە ڕوون نییە و وەزارەتی دارایی / ژمێرکاری لێی بەرپرس نییە، ژمارەکە هەرچەندێک بێت مانای ئەوە نییە ئەوە داهاتی کۆتاییە و دەچێتە خەزێنەی گشتییەوە، بەڵکو بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان وەزارەتی ناوخۆ و چەند وەزارەتێکی دیکە بەشێک لە داهاتیان بۆ خۆیان دەبێت (بۆ پێداویستیەکانیان بەپێی تایبەتمەندییان)، ئەوەی دەمێنێتەوە لەو ڕێژەیە دەبێتە داهاتی کۆتایی.
٤- لە درێژەی قسەکانیدا بەڕێز عەلی حەمە ساڵح دێتە سەر داهاتی کارەبا و مانگانە بە ٩٠ ملیار دیاری دەکات، بەشێکی ئەم ژمارەیە کە ئێمە لێی دڵنیا نین، قەرزی فرۆشتنی کارەبایە لای هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان، بڕێکی تریشی تایبەتە بەکرێی فرۆشتنی کارەبا بە وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان کە بە تەنها چەک و مەقاسەیە لەنێوان وەزارەتەکان، واتە وەک ژمارە دەردەکەوێت بەبێ بوونی کاش ئەوەی دەمێنێتەوە وەک کاش بەکردەیی (فیعلی) بەکار دەهێنرێت کە زۆر لەو ٩٠ ملیارە کەمترە، ئەوە سەرباری ئەوەی بەشێک لە داهاتی کارەبا ڕاستەوخۆ دەدرێتەوە بەخۆیان بەمەبەستی بەکارهێنانی تێچووی چاککردنەوەی وێستگەکان و محاویلە و تۆڕەکانی گەیاندنی کارەباو...هتد.
لە کۆتایدا پرسیار لەو بەڕێزانە دەکەین بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەکردن کێ لێی سوودمەندە؟ دووپاتی دەکەینەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دیوانی چاودێری دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لارییان لەم زانیاریانەی حکومەتی هەرێم نەبووە، جێگەی سەرسوڕمان و تێڕامانە ئەم بەڕێزانە بۆ لە مەلیک مەلیک ترن.
ئێمە تێکڕای قسەکانی ئەو بەڕێزانە ڕەتدەکەینەوە، چەند بارەشی دەکەینەوە دەتوانن هەرکات ویستیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری بکەن بۆ ئەوەی توشی هەڵە نەبن و لەسەرچاوەی ڕاستەوخۆ کە ئێمەین زانیارییەکان وەربگرن.
هاوپێچ؛ خشتەی داهاتی ناوخۆی هەرێم بەپێی ساڵەکان (٢٠٢٥، ٢٠٢٤، ٢٠٢٣، ٢٠٢٢، ٢٠٢١، ٢٠٢٠، ٢٠١٩) لەگەڵ پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ کە بۆ بەغداد نێردراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری / وەزارەتی دارایی و ئابووریی
٤ ی حوزەیرانی٢٠٢٦