پەرەگراف- بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە میانی پانێڵێکی گفتوگۆدا لە کۆڕبەندی ئابوری دێڵفی لە سلێمانی ڕایگەیاند "حکومەتێک لە کوردستان دروست نابێت، ئەگەر وەک حکومەتەکەی پێشوو بێت"، وتیشی، ئەوە داوای خەڵکی کوردستانەو حکومەت پێویستی بە گۆڕانکارییە.
یەکێتی جەخت لە هاوبەشیی ڕاستەقینە دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەت، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد چەقبەستوویی سیاسی هەرێم ڕەنگدانەوەی تێنەگەیشتنی هەندێک لە سەرکردەکانە لەسەر بنەماکانی حوکمڕانی هاوپەیمانیی، وتی "تێگەیشتنی بنەڕەتی لەوەی کە حکومەتی هاوپەیمانی چییە، پێم وانییە لە مێشکی هەندێک کەسدا بوونی هەبێت".
ئەوە لەکاتێکدایە دانوستانەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم چەقبەستوون، ئەمەش دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بەڕێوەچوو، هێشتا پەرلەمانی تازەهەڵبژێردراو ناکارایەو حکومەت کاربەڕێکەرە.
شەش مانگیشە کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەت لە نێوان پارتی و یەکێتی وەستاون و هیچ وادەیەک دیار نییە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان.