ترەمپ سوورە لەسەرئەوەی چەکی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران ناردووەو کورد بردویەتی بۆخۆی

11-06-2026 07:29

 پەرەگراف- دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، سوورە لەسەرئەوەی چەکی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران ناردووەو کورد بردویەتی بۆخۆی.

 ترەمپ ئەمڕۆ بە فۆکس نیوزی وت "ئێمە چەکمان بۆ ناردن (بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران)، زۆر بێهیوا بووین لە کورد، ئەگەر ڕاستگۆ بم لەگەڵتان. کورد نائومێدی کردین... پێم وایە چەکەکانیان بۆ خۆیان هێشتەوە. پێم وایە ئەمە شەرمەزارییە. بەڵام ئەوەم لەبیر دەبێت، کورد، ئەوەم لەبیر دەبێت."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، چەند جارێک بانگەشەى ئەوەى کردووە کە لە ڕێگەى کوردەکانەوە "چەکى زۆر" ـى بۆ خۆپیشاندەرانى ئێرانى ناردووە، بەڵام ئەو کەسانەى کە بڕیار بووە بیگەیەنن، چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرتووە. دواتر لە میدیاى ئەمریکادا وا بڵاو کرایەوە ئەو چەکانە بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانى ئێران نێردراوە کە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن، تا بۆ شەڕى زەمینیى ڕووخاندنى ڕژێم لە چوونە ناو ئێران بەکارى بهێنن.

ئەم بابەتە لە ماوەى ڕابردوودا قسەى جیاوازى بەدواى خۆیدا هێنا. سەرکردەکانى دوو حیزبى حوکمڕانى هەرێم (پارتى و یەکێتى) هەریەکەیان بە جیا ڕەتیان کردەوە چەکیان وەرگرتبێت، پاشان حکومەتی هەرێم و تەواوی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەوەیان ڕەت کردەوە چەکیان وەرگرتبێت.

ئەم پرسە تائێستا ناڕوونەو تەنیا لە چوارچێوەی بانگەشەو ناوزڕاندنی کورددا ماوەتەوە، نە سەرۆک و نە بەرپرسانى دیکەى ئەمەریکا هیچ وردەکارییەکیان لەبارەى ناردنى چەک بۆ ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشاندەرانى ئێران نەخستووەتە ڕوو، ئەو  لایەنەشیان دەستنیشان نەکردووە کە چەکەکانی ڕادەست کرابێت.