پەرەگراف- وەزارەتی دارایی عێراق خەرجی و داهاتی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوەو دەردەکەوێت کە ٦ ترلیۆن و ٦٧ ملیار دینار کورتهێنانی هەبووە و ٤ ترلیۆن و ١٧ ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە.
بەپێی ئەو داتایانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە، کۆی خەرجییەکان لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا کۆتایی نیسان گەیشتووەتە ٣٧.٨٤ ترلیۆن دیناری عێراقی، لە کاتێکدا کۆی داهاتەکان ٣١.١٦ ترلیۆن دینار بووە.
ئەم جیاوازییەی نێوان خەرجی و داهات بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانێکی ڕاستەقینە بە بڕی ٦.٦٧ ترلیۆن دینار لەو ماوەیەدا.
ئامارەکان دەریدەخەن کە عێراق هێشتا بە ڕادەیەکی زۆر پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی حکومەت. داهاتی نەوت ٢٦.١٢ ترلیۆن دینار بووە لەو چوار مانگەدا کە نزیکەی ٨٤٪ی کۆی داهات پێکدەهێنێت، لە کاتێکدا داهاتە نانەوتییەکان نزیکەی ٥.٠٤ ترلیۆن دینار بووە کە دەکاتە ١٦٪.
وەزارەتی دارایی لە لوتکەی خەرجییەکانی حکومەتدایە
لە نێوان دامەزراوە فیدراڵییەکاندا، وەزارەتی دارایی بەرزترین ئاستی خەرجی لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تۆمار کردووە، کە کۆی خەرجییەکانی گەیشتووەتە ٩.٢٣ ترلیۆن دینار.
خەرجییەکانی ئەم وەزارەتە زیاتر بۆ مووچەی خانەنشینی، پابەندییەکانی قەرزی گشتی و گواستنەوە داراییەکان بووە.
وەزارەتی ناوخۆ بە پلەی دووەم دێت بە خەرجی ٤.٤٥ ترلیۆن دینار، ئەمەش نیشاندەری خەرجییە زۆرەکانی عێراقە بۆ کەرتی ئەمنی.
هەرێمی کوردستان لە پلەی سێیەمدا بووە و ٤.١٧ ترلیۆن دیناری وەک خەرجی فیدراڵی لەو ماوەیەدا بۆ تەرخانکراوە.
وەزارەتی پەروەردە بە ٣.٦٩ ترلیۆن دینار و وەزارەتی بەرگری بە ٢.٧٦ ترلیۆن دینار لە دوای ئەوان دێن.
پێنج خەرجکەرترین لایەنە حکومییەکان
|
لایەن |
خەرجی (ترلیۆن دینار) |
|
وەزارەتی دارایی |
٩.٢٣٣ |
|
وەزارەتی ناوخۆ |
٤.٤٥١ |
|
هەرێمی کوردستان |
٤.١٧٢ |
|
وەزارەتی پەروەردە |
٣.٦٨٨ |
|
وەزارەتی بەرگری |
٢.٧٥٩ |
ئامارە سەرەکییەکان (کانوونی دووەم - نیسانی ٢٠٢٦)
|
بڕگە |
بڕ (ترلیۆن دینار) |
|
کۆی داهات |
٣١.١٦٣ |
|
کۆی خەرجی |
٣٧.٨٣٦ |
|
کورتهێنانی بودجە |
٦.٦٧٣ |
|
داهاتی نەوت |
٢٦.١٢١ |
|
داهاتی نانەوتی |
٥.٠٤٢ |