زەیدی و تۆم باراك جەخت لە جێبەجێکردنی پلانی چەک داماڵین و هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان دەکەن

16-06-2026 09:43

پەرەگراف- عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق کۆبوونەوە، هەردوولا جەخت لە جێبەجێکردنی پلانی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو گروپە چەکدارانە دەکەن کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتن، هەروەها مسۆگەركردنی بێلایەنیی عێراق لە ململانێکان و ڕێگریكردن لە بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتی ناوچەکە.

دوای کۆبوونەوەکە لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئەوە دەخەنەڕوو، پابەندبوونی حکومەتی عێراق و ئەمەریکا بە هاوبەشییەکی بەهێز و بەسوود بۆ هەردوولا دووپاتکرایەوە، باراک چاوەڕوانی ترەمپی گەیاند بۆ پێشوازیکردن لە زەیدی لە کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی ئەم پەیوەندییە گرنگە.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا پێشوازییان لە بڕیارەکەی عێراق کرد بۆ تەواوكردنی مۆڵەتی کارپێکردنی کۆمپانیای ستارلینک، کە بتوانێت خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ئاست بەرزی جیهانی بۆ بەکارهێنەرانی عێراقی دابین بکات.

هەروەها دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی رۆژئاوای قورنە-2 و ناسریە بۆ سوودی هاوبەشی هەردوو وڵات، پێشوازییان له دەستپێکردنەوەی کارەکانی کۆمپانیا ئەمریکییه کانی HKN و Western Zagros و Hunt لەگەڵ گرنتی تەواوی دابینکردنی ئەمنییەت و هەنگاونان لەبارەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ " TI Capital " بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری کەرکوک- بانیاس که رێگەیەکی گرنگی هەناردەکردنی نەوته.