مەسرور بارزانی: لەگەڵ تۆم باراک هاوڕابووین لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت

16-06-2026 03:06

پەرەگراف- سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق کۆبووەوەو دەڵێت: هاوڕابووین لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

"هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانیی لە نێوان ئەمەریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بواری وزەدا" بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە.

هاوکات هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکوومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران عەلی ئەلزەیدی کردەوە لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاووڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.