شەقامێکی سەرەکیی کەربەلا دەکرێت بە ناوی هەڵەبجەوە

19-06-2026 05:49

پەرەگراف- شەقامێکی سەرەکیی کەربەلا دەکرێت بە ناوی هەڵەبجەوەو پارێزگاری کەربەلا دەڵێت، ئەو هەنگاوە پەیامی وەفاو ڕێزلێنانە بۆ خەڵکی ناوچەکەو هەڵوێستی مرۆییان کە لە دۆزینەوەی تەرمی ڕوقیە پیشانیاندا.

نسەیف خەتابی پارێزگاری کەربەلا ڕایگەیاند، یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ناوەندی شاری کەربەلا دەکرێت بە ناوی "شەقامی هەڵەبجە"، ئەمەش وەک ڕێزگرتنێک بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆیی و نیشتمانییە بەرزەی کە خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەی خۆڕاگر بەرامبەر بە خەڵکی کەربەلای پیرۆز پیشانیان دا.

پارێزگاری کەربەلا دەشڵێت "ئەم دەسپێشخەرییە وەک دەربڕینی سوپاسگوزاری و پێزانینێکە بۆ ئەو هەڵوێستە برایانە ڕاستگۆیانەی کە ڕۆڵەکانی هەڵەبجە بەرجەستەیان کرد، کە گوزارشت لە قووڵیی پەیوەندییە مرۆیی و نیشتمانییەکانی نێوان ڕۆڵەکانی گەلی عێراق دەکات".

"ناونانی شەقامەکە بە ناوی هەڵەبجە، گوزارشتە لە پەیامێکی وەفا و ڕێزلێنان و بەرجەستەکردنی ماناکانی هاوسۆزی و یەکگرتوویی نێوان پارێزگاکانی عێراق، بەتایبەتی لەو هەڵوێستە مرۆییانەی کە ڕەسەنایەتی عێراقییەکان و یەکگرتووییان دەردەخەن" پارێزگاری کەربەلا وادەڵێت.

ڕوقیەی تەمەن ١١ ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەیدا بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە هەڵەبجەو هەورامان کرد، بەڵام لە ئاوی سەرچاوەی زەڵمدا خنکا. خەڵکی ناوچەکەو تیمەکانی فریاگوزاریی چەندین ڕۆژ لە هەوڵی چڕدابوون تاوەکو توانییان لە ١٧ی ئەم مانگە تەرمەکەی بدۆزنەوەو ڕۆژی دواتر بە مەراسیمێک بەڕێیانکرد بۆ کەربەلا.

هەوڵ و گەڕانی خەڵکی هەڵەبجەو هەورامان بۆ تەرمی ڕوقیە هەتا دۆزینەوەی، کاردانەوەی فراوانی ئەرێنیی لە شەقامی عێراقیدا بەدواداهات.