زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی لەسەر عەبدوللەتیف سەلەفی و تۆمارە دەنگییەکان پێکهێنا
پەرەگراف- زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە لەسەر ئەو تۆمارە دەنگییانەی بڵاوکراونەتەوەو دەگوترێت "دەنگی د.عەبدوللەتیف سەلەفییە".
تۆمارە دەنگییەکان قسەکردنە لەگەڵ کچە خوێندکارێک و کاردانەوەی فراوانی لێکەوتووەتەوە، د.عەبدوللەتیف سەلەفی ڕەتیدەکاتەوە دەنگی ئەوبێت و بە "دروستکراو" ناوی دەبات، ئەوکەسەشی بڵاویکردووەتەوە سوورە لەسەر ڕاستیی تۆمارە دەنگییەکە.
ئەوە یەکەمجار نییە د.عەبدوللەتیف سەلەفی یەکێک لە ڕێبەرانی سەلەفییەت لە کوردستان ڕوبەڕوی ئەو دۆخە دەبێتەوە، ساڵی 2016 لە دۆسیەیەکی هاوشێوەدا کە تۆماری دەنگیی بوو لەگەڵ کچە خوێندکارێک، وەزارەتی خوێندنی باڵا ماوەیەک ئەو مەلا ئاینییەی دوورخستەوە لە وانە گوتنەوە لە پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان لە سلێمانی.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەکادیمی، جەخت لەسەر پاراستنی پرەنسیپەکانی یاسا و شەفافییەت دەکاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان کەیسێک کە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانکۆوە هەبێت.
"سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان) بڵاوبوونەتەوە، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی فەرمیی و بەپێی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییە بەرکارەکان، ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر و ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٦/٦/١٨ لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە" زانکۆ وادەڵێت.
زانکۆکە دەشڵێت "ئەم لیژنەیە بەچاودێری داواکاری گشتی کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات، لەم سۆنگەیەوە، زانکۆی سلێمانی بە وردی بەدوای دەرخستنی ڕاستییەکاندا دەچێت و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە تاگەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت، هاوكات هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەکرێت. لە کۆتاییدا ڕای دەگەیەنین، کە دەرەنجامی کارەکانی ئەم لیژنە هەرچییەک بێت، بەشێوازێکی شەفاف بۆ ڕایگشتی بڵاودەکرێتەوە".