بۆ چوارەم ڕۆژ گەڕان بەدوای تەرمی گەنجەکەی کەلار بەردەوامە کە لە ئاوی سیرواندا خنکا

20-06-2026 02:24

پەرەگراف- بۆ چوارەم ڕۆژ لەسەر یەک تیمەکانی بەرگری شارستانی بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو گەنجەدا کە لە ئاوی سیروان لە گەرمیان خنکا.

تەنها دوێنێ دوو گەنج لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە شاربژێڕو بازیان لە ئاودا خنکاون، بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف لە ١٠ی ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ کەس لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.

جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت، ١٧ی ئەم مانگە رابردوو گەنجێک بەمەبەستی ڕاوەماسی هاتبووە ڕوباری سیروان و بە ڕووداوی خنکان گیانی لەدەستداوەو گەڕان بەدوای تەرمەکەیدا بەردەوامە.

ئیدارەی گەرمیان داوای لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداوەکان کردووە بەنداوی دەربەندیخان بگرنەوە لە پێناو دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکەو لە دوێنێ نیوەڕۆوە ئاوی بەنداوەکە گیراوەتەوە.

"لەماوەی رابردوودا داوامان ئاڕاستەی هاووڵاتییان کردووە بەتایبەت ئەوانەی مەلەوانی نازانن نزیک نەبنەوە لە سیروان و مەلە نەکەن، بەڵام بەداخەوە وەک پێویست هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان نابن" سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وای وت.