نێچیرڤان بارزانی: پێویستە هەنگاوەکانی یەکخستنی پێشمەرگە زۆر خێراتر بکرێن

21-06-2026 11:54

پەرەگراف- سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پێویستە هەنگاوەکانی یەکخستنی پێشمەرگە زۆر خێراتر بکرێن و سستییەکانی بەردەم پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە چارەسەر بکرێن.

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لە ئاهەنگی دەرچوونی خولی پێگەیاندن لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان لە سلێمانی کە ٢١٠ خوێندکار پلەی ئەفسەرییان وەرگرت، لە وتارێکدا وتی، هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە باش نراون، "بەڵام خواستی ئێمە لەوە زیاترەو پێویستە هەنگاوەکان زۆر خێراتر بکرێن، دەبێت سستییەکانی ئەم پڕۆسەیە چارەسەر بکرێن".

وتیشی "ئاڵۆزیی و ململانێکانی ناوچەکە ئەوە دەخوازێت ڕۆژێک زووتر ئەم ئەرکە جێبەجێ بکەین.. بە ئیرادەیەکی جددی و بەهێزەوە بەردەوام دەبین بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و سەرخستنی ئەم پڕۆسە چارەنوسسازە، چونکە یەکگرتوویی پێشمەرگە گەرەنتی پاراستنی مافە دەستورییەکان و قەوارەی هەرێمی کوردستانە".

نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستان پێشکەشی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمه‌ریکا کرد بۆ پشتیوانییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و پڕۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

١٠ ساڵە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و ڕاوێژ و دابینکردنی پێداویستیی سەربازی و هەماهەنگیی دیکە، دەیانەوێت سوپایەکی نیشتمانی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بۆ هەرێمی کوردستان پێک بهێنن و هێزی حیزبیى سەر بە پارتی و یەکێتى نەهێڵن.

لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات چەندین جار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.