کەناڵ8: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی بۆرد و پێشکەشکارێکمان دەرچوو

21-06-2026 08:43

پەرەگراف- کەناڵ8 بڵاویکردەوە، بە واژۆی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی بۆرد و پێشکەشکارێکیان دەرچووە.

فەرمانی دەستگیرکردنەکە بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەو بۆ ئامادەکردنیانە لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر. هێشتا زانیاریی لەبارەی وردەکاریی دۆسیەکەو لایەنی سکاڵاکارو ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەیان کراوە بڵاو نەکراوەتەوە.

کەناڵەکە دەڵێت: بەپێی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ڕۆژی 7/5/2026 بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە ئەحمەد نەجم (سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی کەناڵ8) و بژار دەباغ (پێشکەشکاری کەناڵەکە) دەرکراوە.

لە نووسراوەکەدا کە ژمارەی 13175ی پێدراوە و ئاراستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کراوە، هاتووە کە "ئەحمەد نەجمەدین ئیبراهیم تاڵەبانی" و "بژار عەلی ئەنوەر ئەفراسیاب دەباغ" بەپێی ماددەی 2ی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیربکرێن. هەروەها داوا کراوە دوای دەستگیرکردنیان لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر ئامادە بکرێن.

دوای دەرچوونی ئەم نووسراوەی وەزیری ناوخۆ، لە ڕۆژی 18-5-2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی دیکەی بە واژۆی لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، و هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی زاخۆ، ڕاپەڕین، گەرمیان، سۆران و ئاکرێ کردووە. لەم نووسراوەدا داوای جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکە کراوە، بەمەش فەرمانەکە گشتگیر دەبێت و لە سەرانسەری هەرێمدا کاری پێدەکرێت.