پەرەگراف- ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی و 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزارو 500 دینار لە عێراق و کوردستان کە بەرزترین نرخی دۆلارە لەماوەی ئەمساڵدا، ئەوەش شڵەژانی لە بازاڕی دراو دروست کردووە.
دابەزینی زیاتری بەهای دینار لە کاتێکدایە نرخی فەرمی هێشتا ١٣٢ هەزارە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک، بەوەش هەر 100 دۆلار زیاتر لە 25 هەزار دینار جیاوازیی هەیە لە بازاڕی دراو.
بانکی ناوەندیی عێراق 18ی ئەم مانگە ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە نیازی ئەوەی هەبێت دەستکاریی نرخی فەرمیی دۆلار بکات و 100 دۆلار بکات بە 160 هەزار دینار.
حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندیی تائێستا سەرکەوتوو نەبوون نرخی فەرمیی دۆلار لە بازاڕی دراو جێگیر بکەن یاخود نزیکی بکەنەوە لە هەمان نرخ، ئەوەش دڵەڕاوکێی دروست کردووەو کاریگەریی نەرێنیی لەبازاڕدا هەیە.
بەرپرسان و شارەزایانی ئابوریی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی دەگەڕێننەوە، لەوانەش پشتبەستنی زۆری عێراق بە داهاتی نەوت، ئابووری وڵاتەکەی بەرامبەر بە گۆڕانکارییەکانی نرخی جیهانیی نەوت لاواز کردووە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەرازوی پارەدان و نرخی ئاڵوگۆڕ هەیە.