پەرەگراف- پارێزگای دهۆک یەکەمی سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستانە لە تۆمارکردنی دەنگدەری نوێ لە تۆماری بایۆمەتریی، ئەوەش بەپێی نوێترین ئاماری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کە ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، ئامارەکە نیشاندەری گرنگیدانی خەڵکی دهۆکە بە دەنگدان و پڕۆسەی هەڵبژاردن، سەرەڕای ئەوەی کەمتر لە ساڵێک بەسەر دوایین هەڵبژاردنی پەرلەماندا تێپەڕیوە.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن، تا ئەمڕۆ لە دهۆک ٦,٥٣٦ دەنگدەری نوێ کە بۆ یەکەمجارە خۆیان تۆمار دەکەن، ناوی خۆیان لە سیستمی بایۆمەتریی تۆمارکردووە، ئەمە بەرزترین ڕێژەی خۆتۆمارکردنە لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.
ئەم ئامارانە جێی سەرنجن چونکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، واتە کەمتر لە ساڵێک پێش ئێستا، هەڵبژاردنی داهاتووش چاوەڕوان ناکرێت تا سێ ساڵی تر ئەنجام بدرێت، سەرەڕای ئەم ماوە درێژەی کە لەبەردەم هەڵبژاردندایە، وا دەردەکەوێت دانیشتووانی دهۆک پەرۆشن بۆ تۆمارکردنی ناو و بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.
کۆی ژمارەی دەنگدەران لە دهۆک ئێستا گەیشتووەتە ٩٦٩,١٣٩ کەس، لەو ژمارەیەش ٧٨٥,٧١٤ دەنگدەر تۆماری بایۆمەترییان کردووە.
لە دوای دهۆک زۆرترین ژمارەی تۆمارکردنی نوێی بایۆمەتری لە پارێزگای نەینەوایە بە ٥,٧٤٩ تۆماری نوێ، و پاشان بەسرە بە ٤,٥٣٨ تۆمار.
لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەولێر ٣,٣٠٨ تۆماری نوێی بایۆمەتری هەبووە، لە کاتێکدا سلێمانی کەمترینەو ١,٨٤١ تۆماری نوێی هەیە.
لەسەر ئاستی عێراق، ٣٠ ملیۆن و ٣٨٠ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیەو ٢١ ملیۆن و ٤٦٠ هەزاریان تۆماری بایۆمەترییان کردووە، هێشتا ٨ ملیۆن و ٩٦٠ هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەیە تۆماری بایۆمەترییان نەکردووە کە مەرجێکی سەرەکیی دەنگدانە.
ئامارەکان ئەوە دەردەخەن کە یەک ملیۆن و ١٢٠ هەزار عێراقیی کە لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٨ـن، بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.
لە هەرێمی کوردستان، هەولێر ٤٣,٥٩٨ دەنگدەری نوێ، سلێمانی ٤٠,٤١٤ و دهۆک ٣٠,٨٣٧ دەنگدەری نوێی (لەدایکبووی ٢٠٠٨)یان هەیە.
ئامارەکانی هەرێمی کوردستان
- سلێمانی: ١,٥٧٢,٨٩٣ دەنگدەر، کە ١,٢٠٣,٨٧٩یان تۆماری بایۆمەترییان هەیە.
- هەولێر: ١,٤٥٣,٥٦٨ دەنگدەر، کە ١,٠٩١,٧٥٥یان تۆماری بایۆمەترییان هەیە.
- دهۆک: ٩٦٩,١٣٩ دەنگدەر، کە ٧٨٥,٧١٤یان تۆماری بایۆمەترییان هەیە.
هەرچەندە هەولێر و سلێمانی ژمارەی گشتیی دەنگدەرانیان زیاترە، بەڵام دهۆک وەک چالاکترین پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق بۆ تۆمارکردنی نوێی بایۆمەتری دەرکەوتووە.