ڕێکخەری سەنتەری میترۆ: سوکایەتییەکەی سەرۆکی یەکێتی بە ڕۆژنامەنووسەکە شەرمەزارکەرە
پەرەگراف - ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ئەو جنێوەى لەلایەن سەرۆکى یەکێتییەوە بە ڕۆژنامەنووسێک درا، بە "سوکایەتی بە سەندیکا و ئەندامانی، هەموو ڕۆژنامەسێک کە ڕێز لە پیشەکەی دەگرێت" ناو دەبات. ڕایشیدەگەیەنێت "سوکایەتییەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی، شەرمەزارکەرە و بێدەنگیی هاوکارەکانیشی کە لەبەردەمیدا بوون، شەرمەزارییەکی ترە".
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنانەنووسان، لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت "چاوەڕوانیی ئەوە بووم لەناو یەکێتییەوە دەنگێک بەرز بێتەوە، یان دامەزراوەیەکیان داوای لێبووردن بکات، بەڵام بێدەنگ کراون".
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ دەپرسێت "ئەگەر ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی، ئەو سوکایەتییەی بە ڕۆژنامەنووسێکی یەکێتی بکردایە، چی ڕووی دەدا؟ هەمان بێدەنگی و هەمان هەڵویست و دیزەبەدەرخۆنە دەبوو؟ ". جەختیش دەکاتەوە کە "هاوپشتیی نێوان ڕۆژنامەنووسان گرنگە و دەبێ بەبێ ترس لەسەر دیاردەی سوکایەتیکردن بە ڕۆژنامەنووسان و پیشەکەیان قسە بکەن".
"ئەو بێدەنگییەی هاوکارانی ئەو ڕۆژنامەنووسە و لقی سلێمانیی سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانی یەکێتییش، سامناک و خەمناکە. بۆ گەیشتن بەو ئاستە لە هاوپشتیکردنی یەکتر؟ کە بەرگریت لە خۆت پێ نەکرێ، چۆن ئەتوانی بەرگری لە بەرژەوەندیی گشتی بکەیت؟ ! "، ڕێکخەرى سەنتەرى میترۆ وا دەڵێت.
ڕێکخەرى سەنتەرەکە دەربارەى سەرۆکى یەکێتى دەڵێت "لە ڕاستیدا ئەمە شێوازی ئاخاوتنی بێت لەگەڵ دەرەوەی خۆی، دەبێت لەگەڵ هەڤاڵەکانی چۆن قسە بکات؟ بەتایبەتیش کە توڕە دەبێت".