دوا مۆڵەت لە هەژماری منەوە: هەر مووچەخۆرێک تا 31ی ئاب تۆمار نەکرابێ لە بەغداوە مووچەکەی ڕادەگیرێت

24-06-2026 02:57

پەرەگراف- پڕۆژەی هەژماری من دوا مۆڵەتی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم راگەیاند بۆ خۆتۆمارکردن و وەرگرتنی کارتی بانکیی، بەپێچەوانەوە لەلایەن بەغداوە مووچەکانیان رادەگیرێت.

هەژماری من لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بڕیار دراوە ماوەی سێ مانگ دابنرێت بۆ تەواوکردنی هەموو رێکارەکانی تۆمارکردنی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا.

"بەپێی بڕیارێکی حکوومەتی عێراق، هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان تاوەکو 31ـی ئابی 2026 تۆمار نەکرابێت و کارتی بانکییەکەی لە رێگەی پڕۆژەکەوە وەرنەگرتبێتەوە، ئەوا مافە داراییەکان و مووچەکەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رادەگیرێت و بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان نانێردرێت".

بەپێی ئامارە نوێیەکانی پڕۆژەی هەژماری من، تا ئێستا 96%ـی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لە سەرتاسەری کوردستان ناوی خۆیان تۆمار کردووە. لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، هەولێر و دهۆک بە رێژەی 99% لە پێشەنگدان، پاشان پارێزگای هەڵەبجە بە رێژەی 93% و پارێزگای سلێمانیش بە رێژەی 92% دێن. 

هاوکات ژمارەی ئەو مووچەخۆرانەی کارتی بانکییان وەرگرتووەتەوە گەیشتووەتە 862,168 کەس. لەم ژمارەیەش زۆرترین پشکی دابەشکردنی کارتەکان بەر پارێزگای هەولێر کەوتووە بە 379,204 کارت، دواتر پارێزگای سلێمانی بە 278,913 کارت دێت، پاشان لە پارێزگای دهۆک 188,164 کارت و لە پارێزگای هەڵەبجەش 15,886 کارت دراونەتە مووچەخۆران.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا داوا لە مووچەخۆران کراوە چاودێریی مۆبایلەکانیان بکەن، چونکە پڕۆژەی هەژماری من لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکانی واتسئاپ و ڤایبەر، یانیش لەرێگەی کورتەنامەوە ئاگاداریان دەکاتەوە لە ئامادەبوونی کارتەکانیان بۆ ئەوەی بچن لە بانکێکی دیاریکراو وەریبگرنەوە.