وەزارەتی دارایی: بەغداد لە حەوت ساڵدا زیاتر لە ٤٨ ترلیۆن دینار بودجەی هەرێمی نەناردووە

25-06-2026 04:47

پەرەگراف- وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا حکومەتی عێراق تەنها لەسەدا ٤٢ی پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجە ناردووە کە ٣٣ ترلیۆن دینار دەکات، لە بەرامبەردا زیاتر لە ٤٨ ترلیۆن دیناری نەناردووە.

وەزارەت لە کتێبی کارو چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی لە ساڵی ( ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ ) کە وێنەیەکی کتێبەکە بۆ پەرەگراف نێردراوە، بە خشتەو زانیاری ئامارەکانی بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، جگە لەوەش حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرجیەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان نەناردووە.

کێشەی بودجە گرێدراوی دۆسیەی نەوتە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق، حکومەتی فیدراڵیش چەندینجار هەرێمی کوردستانی تۆمەتبار کردووە بە نەناردنی داهات بۆ بەغداد، کێشەکان پەیوەستن بە کێشەی پارەی فرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆ لە نێوان هەردوو حکومەت.