ئامارەکانی ماددەی هۆشبەر لە هەولێرو دهۆک؛ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 744 کەس دەستگیرکراون
پەرەگراف- بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەولێرو دهۆک 744 کەس دەستگیرکراون کە 482یان بازرگان و 262یان بەکارهێنەر بوون.
هەر بەپێی ئامارەکان، هێزە ئەمنییەکان لەو شەش مانگەدا دەستیان بەسەر 218 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و ١,٨٩٧ شیت حەبی هۆشبەردا گرتووە.
ئامارەکانی ساڵانی ڕابردوو
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر و دهۆک، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢,٤٨٢ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە ١,٤١٢ بەکارهێنەر و ١,٠٧٠ بازرگانی تۆمەتبار بوون. هەر لەو ساڵەدا هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر ٢,٨٢٥.٣٧٨ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر، ٦,٢٥٦ شیت حەبی هۆشبەردا گرتووە.
لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ١,٥٦٨ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، ٧٣٧ بەکارهێنەر و ٨٣١ بازرگانی تۆمەتبار، لە هەمان ساڵدا دەست بەسەر ٥١١.٧٣٦ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و ٣٠,٢٤٠ حەبی هۆشبەردا گیراوە.
لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ژمارەی دەستگیرکراوان بۆ ١,٧٠٨ کەس بەرزبووەوە، کە ١,٠٣٤ بەکارهێنەر و ٦٧٤ بازرگانی تۆمەتبار بوون. لەو ساڵەدا دەست بەسەر ٩٢٢.٩٦٣ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و ١٢,١٩٤ حەبی هۆشبەردا گیراوە.
تەمەنی دەستگیرکراوان لە ساڵی ٢٠٢٥دا
زۆربەی ئەو کەسانەی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون، تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٤٠ ساڵدا بووە:
خوار ١٨ ساڵ: ١٪
١٨-٣٠ ساڵ: ٤٦٪
٣٠-٤٠ ساڵ: ٣٦٪
٤٠-٥٠ ساڵ: ١٣٪
٥٠-٦٠ ساڵ: ٤٪
ڕێژەی ژنان ٤٪ی کۆی گشتیی دەستگیرکراوان بووە لە سەرجەم تەمەنە جیاوازەکاندا.