مەسروور بارزانی دانوستانەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ‌ كرد

16-06-2019 01:27
كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی لەگەڵ پارتی. وێنە: كوردستان 24

پەرەگراف

مەسروور بارزانی بە كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دانوستانەكانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ‌ كرد و لەم ڕۆژانەشدا لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كۆدەبێتەوە. مەسروور بارزانی ڕایگەیاند: پێشتر ڕێككەوتن لەسەر پشكی لایەنەكان كراوە و بۆ وەرگرتنی سیڤیی كاندیدەكان سەردانی لایەنە بەشدارەكانی حكوومەت دەكەين.

لە یەكەم دانوستانی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، مەسروور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، سەردانی پارتی كرد و لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی ئەو حیزبە كۆبووەوە.

پاش كۆبوونەوەكە مەسروور بارزانی ڕایگەیاند "ئامانج لە سەردانەكە گفتوگۆكردنە لەسەر ئەو بەشانەی بەر لایەنەكان دەكەون، ئەمڕۆ لەگەڵ پارتی كۆبووینەوە و لەم یەك دوو ڕۆژەدا سەردانی سلێمانی دەكەین بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە".

مەسروور بارزانی وتیشی "پێشتر ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی وەزارەتەكان كراوە و لەم سەردانانەدا داوای سیڤیی لایەنەكان دەكەین".

سەبارەت بە بنەمای دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ پۆستی وەزارەتەكان، سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی هەرێم ئاماژەی بەوە كرد " ئەو لایەنانەی كە بەشدارن لە حكوومەت پێویستە ئەو كەسانەی كاندیدیان دەكەن بنەمای ئەوەیان تێدا بێت كە ببن بە وەزیر، ئێمەش لەسەر ئەو بنەما لیستی ناوەكان وەردەگرین".

مەسروو بارزانی وتیشی "ماوەیەكی یاساییمان لەبەردەمدایە و هیوادارین پێش ئەو وادەیەش بتوانین لیستی كابینەكە پێشكەشی پەرلەمان بكەین بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات".

مەسروور بارزانی كە ماوەی پێنج ڕۆژە وەكو كاندیدی پەسەندكراوی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڕاسپێردراوە، یەكەم سەردانی بۆ لای حیزبەكەی خۆی ئەنجام دا وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن.

ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم لەم ڕۆژانەدا سەردانی شاری سلێمانی دەكات و لەگەڵ شاندەكانی دانوستانكاری یەكێتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكوومەت كۆدەبێتەوە.

ڕۆژی 11ی حوزەیران فراكسیۆنی پارتی وەكو گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان، ناوی مەسروور بارزانیی وەكو كاندید بۆ پێكهێنانی حكوومەت پێشكەش كرد، هەر لە كۆبوونەوەكەدا بە دەنگی 87 پەرلەمانتار لە كۆی 97 پەرلەمانتاری ئامادەبوو كاندیدەكەی پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت ناوزەد كرا، ڕۆژی دواتریش لەلایەن نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێمەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڕاسپێردرا.