دادوەری ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی: ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەسایەتی سیاسی و کەسانی دیکەش دەگیرێتەبەر
پەرەگراف- دوای هەڵمەتەکەی ئەمڕۆ کە دەیان پەرلەمانتارو بەرپرسی باڵای عێراق دەستگیر کران بە تۆمەتی گەندەڵی، زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەكانی ناوەندیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەسایەتی سیاسی و کەسانی دیکەش دەگیرێتەبەر.
دادوەر زیا دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی، بریكاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 دەستیپێکردووەو کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوون.
دادوەرەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە دادگا ژمارەیەک راپۆرتی بەدەست گەیشتووە کە چەند کاندیدێکی پەرلەمان لەکاتی هەڵبژاردندا پارەی بێشوماریان خەرج کردووە بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بە قۆستنەوەی سەرچاوەکانی دەوڵەت و بە پشتیوانی کەسایەتییە کاریگەرەکانی حکومەتی پێشوو.
دوابەدوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، لە رەوتی لێکۆڵینەوەکاندا تێوەگلانی کۆمەڵێک ئەندامی پەرلەمان ئاشكرابوون كە سامانی دەوڵەتیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێناوە بە سوود وەرگرتن لە گرێبەستە حکومییەکان.
لەسەر بنەمای داواکارییەکی دادگا پارێزبەندیی لەسەر ئەندامە تۆمەتبارەکانی پەرلەمانی عێراق هەڵگیراوەو پاشان لە هەڵمەتێکدا دەست بەسەر پارە و بەڵگەی تاوانکاریدا گیراوە کە دەیسەلمێنێت پێشێلکاریی یاساییان ئەنجامداوە، لەکاتێکدا هەندێکیان هەڵهاتوون لێکۆڵینەوەکان لەم دۆسیەیەدا لە ژێر رۆشنایی بەڵگەکاندا بەردەوامن و لە ماوەی داهاتوودا رێکاری یاسایی بەرامبەر کەسایەتی سیاسی و کەسانی دیکە دەگیرێتەبەر لەگەڵ بەرەوپێشچوونی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان.