قوباد تاڵەبانی: دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەت زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت
پەرەگراف- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەت زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت و حکومەتی کاربەڕێکەر خاڵێکی لاوازە بۆ هەرێم.
ئەو وتانەی قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکیدا بووە لە بەغداد لەگەڵ باڵیۆزەکانی وڵاتانی ئەوروپا، تاڵەبانی دەڵێت: جەختم لە سیاسەت و هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە کە نەک تەنها نابینە بەشێک لە شەڕ و ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو بەپێی سەنگ و قورسایی خۆمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان.
"پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ حکومەتی عێراق لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوی گەندەڵی و هەروەها هەنگاوەکانی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی سیاسیی عێراق دووپات کردەوە" جێگری سەرۆکوەزیران وادەڵێت.
بەشێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک لە هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، دۆخێکی نوێ لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە و لەم دۆخە نوێیەدا دواخستنی لەوە زیاتری پێکهێنانی حکومەتی هەرێم زیانی قەرەبوونەکراو بە پێگەی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
"بەردەوامبوونی حکومەتی کاربەڕێکەر خاڵێکی لاوازە بۆ هەرێمی کوردستان و پێویستە لایەنە سیاسییەکان بە لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و بە تێگەیشتنی نوێوە پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ" جێگری سەرۆکوەزیران وادەڵێت.