وتەبێژی حکومەتی عێراق: ڕێککەوتن لە نێوان بەغداد و هەولێر هەیە دەربارەی مووچەی هەرێم

29-06-2026 02:26

پەرەگراف- حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق دڵنیایی دەدات لە ناردنی مووچەی مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ڕێککەوتن لە نێوان بەغداد و هەولێر هەیەو پابەندین بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

لەسەر پرسی گەندەڵی و دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و گێڕانەوەی پارەی دزراوی دەوڵەت، عەبودی ئەوەی خستەڕوو کە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوام دەبێت، "ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان بووەهۆی دەستگیرکردنی 21 تۆمەتبار، بەدواداچوون بۆ ئەوانی دیکەش دەکرێت. ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی بەشێوەیەکە کە پێشتر وێنەی نەبووەو ناوەستێت. ئەو دانپێدانانەی تۆمەتباران دەیکەن تۆڕەکانی دیکەی گەندەڵی ئاشکرا دەکات، لەڕووی ناوی گەندەڵکاران و پارەوسامان".

وتەبێژی حکومەتی عێراق دەشڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ کردنەوەی حسابێکی بانکیی بۆ دانانی ئەو پارانەی لە خۆدەوڵەمەندکردنی نایاساییدا لە گەندەڵکاران وەرگیراونەتەوە.