پەرەگراف- ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سەربازیی ئەمەریکاو هاوپەیمانان و وەزیرو بەرپرسانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەمین خولی مەشق و ڕاهێنانی هاوبەشی تایبەت بە (پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار) بۆ دەڤەری 1 و 2ـی هێزی پێشمەرگە دەستی پێکرد.
دەڤەری ١ یەکەی ٨٠ی پارتی و دەڤەری ٢ یەکەی حەفتای یەکێتییەو لە چوارچێوەی یەکخستنەوەو چوونەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا لە دوو دەڤەردا ڕێکخراون و ئەوە یەکەمجارە خولی مەشقی هاوبەش بۆ ئەفسەرانی ئەو دوو دەڤەرە دەکرێتەوە.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە لە وتارێکی مەراسیمی کردنەوەی خولی مەشق و ڕاهێنانەکەدا وتی: ئەم ڕاهێنانە سەربازییەی کە بۆ ئەفسەرانی باڵای هەردوو فەرماندەیی دەڤەری یەک و دوو ڕێکخراوە، "وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەنگاوێکی ستراتیژییە بەرەو یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو".
وەزیری پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو، خولەکە بنەمایەکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەرکردایەتیکردنی هێزی پێشمەرگە لەژێر هەر دۆخ و گوشارێکدا، بەتایبەت لە پرۆسەی دروستکردنی بڕیاری سەربازیدا، "ئێمە هەمیشە چاومان لە بەردەوامی پشتیوانیی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، تا کاتی گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لە یەکخستنەوەی سەرجەم هێزەکاندا".
شۆڕش ئیسماعیل وتیشی، هەنگاوی پێکهێنانی دوو دەڤەری سەرکردایەتی سەربازی و ١١ فیرقەی پیادە لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بازدانێکی گەورەیە بەرەو دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی و مۆدێرن.