عیزەت سابیر، جێگری وەزیری نەوتی عێراق: بڕیاری دەستگیرکردنم نەدراوە

01-07-2026 11:44

 پەرەگراف- د.عیزەت سابیر، جێگری وەزیری نەوتی عێراق، ڕەتی دەکاتەوە بڕیاری دەستگیرکردنی درابێت لە چوارچێوەی هەڵمەتی فراوانی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی کە چەند ڕۆژێکە پرسێکی گەرم و گرنگە لە عێراق و دەیان پەرلەمانتارو بەرپرسی باڵای حکومەت دەستگیر کراون و فەرمانی گرتنیان هەیە.

عیزەت سابیر کە لە پشکی یەکێتی لەو پۆستەدایە، لە ڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "چەند رۆژێكە هەندێك پەیج و ئەكاونتی بێ خاوەن هەواڵێكی ناڕاستیان لەسەر من بڵاوكردۆتەوە كە كاری نایاساییم ئەنجام دابێت و بریاری دەستگیر كردنم بۆ درابێت. ئەم هەواڵە دورە لە ڕاستییەوە و من لە ئێستادا لە وەزارەتی نەوت بەردەوامم لە كاری ڕۆژانەی خۆم".

"ناراستی زانیارییەكە ئەوەیە كۆمپانیای داناگاز گرێبەستی لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆ كردوە نەك وەزارەتی نەوتی عێراق. بۆری كۆرمۆر و كێڵگەی كۆرمۆر و بەرهەمی كۆرمۆر لای حكومەتی هەرێمە. من لە رۆژی دەست بەكاربونم تا ئێستا هەموو ساڵێك ئەستۆ پاكی دارایی خۆم پێشكەش بە دەستەی دەستپاكی عێراق كردوە و هەمیشە ئامادەم بۆ لێپرسنەوە. بۆیە بە مافی خۆمی دەزانم سكاڵا تۆمار بكەم لەسەر ئەو پەیج و ئەكاونتانە" جێگری وەزیری نەوتی عێراق وادەڵێت.