بافڵ تاڵەبانی و شاسوار عەبدولواحید ڕێککەوتنەکەیان واژۆ کرد

02-07-2026 06:17

پەرەگراف- بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە مەراسیمێکدا ڕێککەوتنی پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێوانیان واژۆ کرد لە سلێمانی و ناویان ناوە "هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بوژانەوە".

وەک خۆیان دەڵێن، ئامانجی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ، راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانیی و هاوسەنگی هێزە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.

پارتی کە هێزێکی سەرەکیی حکومڕانیی هەرێمی کوردستانە دان بەو هاوپەیمانییەدا نانێت و مامەڵەی لەگەڵدا ناکات، لەکاتێکدا یەکێتی و نەوەی نوێ دەڵێن هاوپەیمانییەکەیان کورسییەکانی هاوتای پارتییەو داوای لەسەدا 50ی پۆستەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن لە پێکهێنانی کابینەی 10ی حکومەتی هەرێم. 

لە ئۆکتۆبەری 2024وە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوەو خولی نوێی پەرلەمان تەنها یەک کۆبوونەوەی کردووە لە 2-12-2024 لەو کاتەوە پەرلەمان ناکارایەو کۆنەبووەتەوە، هەروەها زیاتر لە ساڵ و نیوێکە کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهاتووە، ئەم دۆخە چەقبەستووە بەهۆی ناکۆکیی پارتی و یەکێتییە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان.