زانکۆی سلێمانی داوا لە داواکاری گشتی دەکات ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر عەبدوللەتیف سەلەفی بگرنەبەر

05-07-2026 02:59

پەرەگراف- زانکۆی سلێمانی دۆسیەکەی عەبدوللەتیف سەلەفی ڕەوانەی داواکاری گشتی دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.

سەرۆکی زانکۆ لە نووسراوێکدا بۆ داواکاری گشتی دەڵێت: "دوابەدوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەو پەسەندکردنی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لەبەر هەبوونی ڕەگەزی سزایی لە وەزیفەی گشتیدا، داواکارین لە بەڕێزتان ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ناوبراو ئەنجام بدرێت".

زانکۆی سلێمانی بۆ ئەو مەبەستە سەرجەم بەراییەکانی تایبەت بە دۆسیەی گەیشتن بە ڕاستی و ناڕاستی هەر هەواڵ و زانیارییەک سەبارەت بە نامە دەنگییەکانی (د.عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا) مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، ڕەوانەی داواکاری گشتیی دەکات.

ڕۆژی یەکی ئەم مانگە، لە فەرمانێکی وەزاریدا بە واژووی ئارام ئەحمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی، بەپێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت، بڕیار درا بە پێدانی سزای (العزل) بە د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان/زانکۆی سلێمانی.

بڕیاره‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای راپۆرتێكی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سلێمانی بوو لەبارەی تۆمارە دەنگییەکانی عەبدوللەتیف سەلەفی لەگەڵ کچە خوێندکارەکانی کۆلێژەکەیدا، ئەم پرسە کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە، عەبدوللەتیف سەلەفی یەکێک لە ڕێبەرانی ڕەوتی سەلەفییە لە کوردستان و کەسایەتییەکی دیارە.

سزای (العزل) تونترین سزایه‌ و د.عه‌بدولـله‌تیف ئه‌حمه‌د بۆی نییه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زیفه‌كه‌ی و ناتوانێت وانە بڵێتەوەو دابمەزرێت لە هیچ شوێنێک.

به‌پێی راپۆرتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانكۆی سلێمانی، ته‌واوی تۆمه‌ته‌كانی سه‌ر ناوبراو پشتڕاستكراونه‌ته‌وه‌، لە پرسی نامەی ده‌نگی و پەیوەندییە تایبه‌تییه‌كانی له‌گه‌ڵ كچانی كۆلێژه‌كه‌یدا، هەرچەندە خۆی دانی پێدا نانێت و ڕەتی دەکاتەوە.