دۆسیەی عەدنان جومەیلی؛ دەستگیرا بەسەر ٢٥ ملیار دینارو یەک ملیۆن دۆلارو ٥ کیلۆ زێڕی دیکە
پەرەگراف- ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە دۆسیەی گەندەڵیی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراقدا لە ماڵێکی ناوبراو لە تکریت دەستگیراوە بەسەر ٢٥ ملیار دینارو یەک ملیۆن دۆلارو ٥ کیلۆ زێڕی دیکەدا.
پارەکان لەناو دەبەی ئاو و جانتادا هەڵگیراون.
بەپێی کۆتا ئاماری ئەنجومەنی دادوەریی، کۆی ئەو پارانەی تا ئێستا لە دۆسیەی جومەیلی و تۆمەتبارانی دیکەی هەمان دۆسیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە گەشتوونەتە ١٢٧ ملیار دینارو ٢٤ ملیۆن دۆلار، ئەمە جگە لە موڵک و ماڵ و ئۆتۆمبێل و زێڕ.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی جەخت دەکاتەوە کە هێشتا لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیەو تۆمەتبارو تێوەگلاوانی دیکە بەردەوامە و ڕێکارە یاساییەکان تەواو دەکرێن.