پەرەگراف - شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ، تۆمارکردنى سکاڵایەکى لەسەر کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم لە دادگاى باڵاى فیدراڵى ڕاگەیاند و دەڵێت "ئەم حکومەتە لە ١٠-٠٧-٢٠٢٣ـەوە ماوەى یاسایى تەواو بووە و دەبێت بووبێت بە حکومەتێکى کاربەڕێکەر، هەر بڕیارێکى ستراتیژیى لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا دابێت، دەبێت هەڵبوەشێتەوە".
سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ناوەرۆکى سکاڵاکەیانى خستە ڕوو و وتى "داواکارین کە دادگاى فیدراڵى بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەى هەموو ئەو بڕیارانەى کە حکومەتى ماوەبەسەرچوو لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردوودا داویەتى، وەکوو: زیادکردنى پارەى کارەبا لەسەر هاووڵاتیان بە ناوى پرۆژەى ڕووناکییەوە، زیادکردنى باج، یان هەر گرێبەستێکى گرنگ کە ئەنجامى دابێت، یان هەر بڕیارێک کە بووبێتە مایەى بارگرانى بۆ هاووڵاتیان".
کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕۆژى ١٠-٠٧-٢٠١٩ لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە دەنگى پێ درا و دەستبەکار بوو. ماوەى سێ ساڵە بەهۆى دواخستنى هەڵبژاردن و دواتریش ململانێى نێوان پارتى ویەکێتى، نەتوانراوە کابینەى دەیەمى حکومەت پێک بهێنرێت.
شاسوار عەبدولواحید دەڵێت "سبەینێ دەبێت بە سێ ساڵى تەواو کە ئەم حکومەتە دەبێت بووبێت بە کاربەڕێکەر و تەنیا کارى ڕۆژانە و مامەڵەى هاووڵاتیان بەڕێ بکات، بۆى نییە هیچ بڕیارێک بدات".